درامای باران باس لەو کێشانە دەکات، کە دەشێت خێزان بەدەستیانەوە گیرۆدەبێت و ببێتە هۆی داڕوخانی کۆمەڵگا، لەم درامایەدا، هەر کەسێتییەک بەرەنگاری کێشەیەکی تایبەت بە خۆی دەبێتەوە و لە بەرامبەر چەمکە ناشیرین و نەخوازراوەکانی کۆمەڵگا یاخی دەبێت.

کۆد
کۆد، بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییە، تێیدا شرۆڤەیەکی بەڵگەنامەیی: (ئاینیی، مێژوویی، فەلسەفیی، زانستیی) ئەو چەمک و دیاریدە سروشتی و سەروسروشتییانە دەکات، کە لە ژیان و گەردووندا ڕوودەدەن و مرۆڤ هەندێ جار سڵ لە باسکردنیان دەکاتەوە...
کۆد
گەشتێکی ڕووناک
بە دیوە تاریکەکەی گەردووندا...!

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەمڕۆ دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئامادەکاری بۆ "هێرشێکی سەربازی" دژی ڤەنزوێلا تۆمەتبار کرد، جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی "مافی رەوای خۆپاراستنی" دەستوێنێت.
مادۆرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هێرشێکی سەربازی لە ئارادایە، و ڤەنزوێلا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی وەڵامدانەوەی هەیە." وتیشی کە وڵاتەکەی "مافی رەوای خۆپاراستن"ی خۆی پەیڕەو دەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات "پچڕاون".
ئەم گرژییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دوای ئەوە پەرەی سەند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی ئابدا فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکان لە دەریای کاریبی، لە کەناراوەکانی ئەم وڵاتە، دەرکرد، ئاماژەی بە شەڕ دژی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەمریکای لاتین کرد.
ترەمپ ئاشکرای کردبوو کە وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەک کە پڕ بووە لە ماددە هۆشبەرەکان و 11 کەسی لەسەر بووە، کوژراون. ترامپ وتبووی کە کەشتییەکە لە ڤەنزوێلاوە رۆیشتووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی "ترین دی ئاراگوا"ی هەڵگرتووە، بەڵام ئیدارەکەی هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتگیریکردنی ئەم بانگەشانە پێشکەش نەکرد.
ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئەنجامدانی کوشتنی دەرەوەی یاسا تۆمەتبار کرد. دیۆسدادۆ کابیلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا، رایگەیاند کە قسەکانی واشنتۆن "درۆیەکی زۆر گەورەیە" و ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا، روداوەکە رەنگە پەیوەندی بە دیارنەمانی هەندێک کەسەوە هەبێت لە ناوچەیەکی کەناراوی وڵاتەکە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نەبووە.
لە بازاڕی سەرای بەغداوە، لە لەنێو کتێب و قەڵەمەکانیدا، چاومان بە پیاوێک کەوت کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ پیشەی دوکانداری و دڵسۆزیی بۆ شاری بەغداد و گەلەکەی. ناوی "عەلی مەندەلاوی"یە و ئێستا بە نازناوی "خاوەنی یەک ملیۆن قەڵەم" ناسراوە.
مام عەلی، پیاوێکی تەمەن 57 ساڵ، لە ساڵی 1985ـەوە، واتە نزیکەی 40 ساڵە، لەم بازاڕەدا خەریکی کارکردنە. وەک خۆی دەڵێت "من کەسێکی کۆمەڵایەتیم" و ئەمەش بە رونی بە شێوازی مامەڵەیەوە دیارە. باوکی شەش منداڵە، سێ کوڕ و سێ کچی هەیە، و سەرەڕای ئەوەی لە مەندەلی لەدایکبووە، بەڵام ژیانی خۆی لە عتێفیەی کازمیە لە بەغدا بەسەر بردووە.
خۆشەویستییەکی بێسنووری بۆ عێراق هەیە و دەڵێت: "من عیراقم خۆشدەوێت، و نوێنەری کوردم لە بەغدا."
مام عەلی پەیامێکی بۆ تەلەفزیۆنی کوردسات نیوز هەیە و داوا دەکات نووسینگەیەک لە بەغداد بکاتەوە. بە بڕوای ئەو، "تەلەفزیۆنی کوردسات تەلەفزیۆنێکی گرنگە، گرنگە نوسینگەیەکی لە بەغداد هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو نوسینگەیە بایەخ بدات بە کوردانی بەغداد."
بە پەرۆشیەوە باس لەو بۆنە و پێشانگا جیهانییانە دەکات کە لە بەغداد رێکدەخرێن و کوردی تێدا نابینێت. "هەموو شتێك، بۆ نموونە پێشانگەی كتێب. بە داخەوە من راگەیاندنی كوردیم لێنەبینی، زۆر گرنگە، لە پێشانگەی كتێب لە عیراق راگەیاندنی كوردی لێنەبوو!" بە پەرۆشییەوە دەپرسێت "نازانم بۆچی نایەن، ئایا نازانن؟!"
مام عەلی داوا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماردەکات کە "بایەخ بەو بابەتە بدات، چونکە نوێنەرایەتی کورد دەکات لە عیراق."
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عیراق و سعودیە، دوو بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر لە شاری مەدینەی وڵاتی سعودیە دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕی 142 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری "کریستاڵی شل"دا گیراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە، توانراوە ئەو دوو بازرگانە بە 142 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیربکرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە کە تۆمەتبارەکان خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینن و خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن، کە ئەم کارەیان بۆ شاردنەوەی بازرگانییەکەیان بەکارهێناوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو دوو تۆمەتبارە ماوەی شەش ساڵە کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لەنێوان عیراق، سعودیە، تورکیا و چەند وڵاتێکی کەنداودا کردووە. لە رێگەی پاسەکانی گواستنەوەی عومرەکارانەوە و بە شێوازێکی شاراوە و بەکارهێنانی تەکنیکی جۆراوجۆر، ماددەکەیان گواستووەتەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی کردەوە کە ئەم چالاکییە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکە و بە هەماهەنگیی باڵا لەگەڵ لایەنی سعودی ئەنجامدراوە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە مادە هۆشبەرەکان لەدەروازەی سنوری (عەر عەر) گەیەنراوەتە ناو خاکی ووڵاتی سعودیە.
راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکە هێرشەکەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە ناوبرد و هاوپشتیی تەواوی بۆ دۆحە دەربڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە لە راگەیەندراوی کۆتایی خۆیدا، ئیدانەی "دوژمنکارییە ستەمکارانەکەی" ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر کرد و بە کارێک ناویبرد کە "هەموو هەلێک بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا لەباردەبات."
راگەیەندراوەکە "بە توندترین شێوە" ئیدانەی "هێرشە ترسنۆکانە و نایاساییەکەی" ئیسرائیلی کرد و "هاوپشتیی تەواو"ی بۆ دەوحە و پشتیوانیکردنی لەو هەنگاوانەی بۆ وەڵامدانەوە دەیگرێتەبەر، دووپاتکردەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دوژمنکاری بۆ سەر شوێنێکی بێلایەنی نێوەندگیر، پرۆسەکانی دروستکردنی ئاشتیی نێودەوڵەتی تێکدەدات،" و ستایشی "هەڵوێستی شارستانی و ژیرانەی" قەتەری کرد لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو دەستدرێژییەدا.
لوتکەکە دووبارە رەتیکردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ دوژمنکارییەکەی ئیسرائیل بهێنرێتەوە، و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیشی بۆ کردنەئامانجی دووبارەی قەتەر رەتکردەوە.
راگەیەندراوەکە پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیران (قەتەر، میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکان) بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە نوێکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە ئامانجی تێکدانی هەوڵەکانی نێوەندگیری بووە.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر وەستانەوە دژی پیلانەکانی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە ناوچەکەدا و ئیدانەی هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ کۆچپێکردنی فەڵەستینییەکان کرا.
لە کۆتاییدا، هۆشداری درا لە دەرەنجامەکانی هەر بڕیارێکی ئیسرائیل بۆ لکاندنی هەر بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکان و داوای جووڵەی بەپەلەی نێودەوڵەتی کرا بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل.
جێی ئاماژەیە، سوپای ئیسرائیل سێشەممەی رابردوو هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحە. قەتەر ئیدانەی هێرشەکەی کرد و وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بە مافی خۆی زانی.
لەلایەن خۆیەوە، حەماس رایگەیاند کە وەفدی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە، بەڵام بەڕێوەبەری نووسینگەکەی (جیهاد لەبەد)، کوڕەکەی (هومام حەییە) و سێ یاوەری دیکە گیانیان لەدەستداوە.