پەیمانگەی نەتەوەیی میسڕ بۆ توێژینەوەی فەلەكی و جیۆفیزیكییەكان رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە، 17ـی شوبات، یەكەم خۆرگیرانی ئەمساڵ روو دەدات و بەشێوەی ئەڵقەیی دەبێت، بە جۆرێك سێبەری مانگ وەك بازنەیەک ناوەندی خۆر دەگرێت و ئەڵقەیەك لە رووناكی بە چواردەوریدا دەمێنێتەوە.
ئەم جۆرە خۆرگیرانە بە ئەڵقەی ئاگرین ناسراوە و لەچاو جۆرەكانی دیكەی خۆرگیراندا كەمتر روو دەدات، بۆیە زانایان گرنگییەكی تایبەتی پێدەدەن.
پەیمانگەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی دیاردەكە خۆرگیرانی ئەڵقەییە، بەڵام لە ئاسمانی بەشێک لە وڵاتاندا وەک خۆرگیرانی بەشەكیی دەردەكەوێت و سێبەری مانگ دەچێتە سەر بەشێكی خۆر، جگە لەوەش لە هەموو ناوچەیەكدا دەرناكەوێت.
كاتەكانی خۆرگیران بەپێی ناوچەكان جیاواز دەبێت و زانایانی فەلەكیش هۆشداری دەدەن لەوەی، نابێت راستەوخۆ سەیری خۆر بكەن، چونکە زیان بە تۆڕی چاو دەگەیەنێت.
سبەینێ خۆرگیرانی ئەڵقەیی روو دەدات

چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ یەكەم خۆرگیرانی ئەمساڵ روو بدات کە بە خۆرگیرانی ئەڵقەیی ناسراوە، زانایانی فەلەكیش هۆشداری دەدەن لەوەی، نابێت راستەوخۆ سەیری خۆر بكرێت.


