ناسا بەنیازە لەسەر رووی مانگ ئاگر بکاتەوە

کوردساتکوردسات
21:00:00 2026/04/2721:00:00 2026/04/27

ئاژانسی ناسای ئەمریکا بە ئامانجی خۆپارێزی و دووربوون لە ئەگەری رووداوی نەخوازراو لە گەشتە ئاسمانییەکانی داهاتوودا، لە بەرنامەیدایە لە کۆتایی ئەمساڵدا لە تاقیکردنەوەیەکدا ئاگر لەسەر رووی مانگ بکاتەوە.

 
 
 
 
پێگەی "دەیڵی گاڵاکسی" بڵاوی کردووەتەوە، ناسا بەم تاقیکردنەوەیە دەیەوێت توێژینەوە لە کاردانەوەی ئاگر بکات لە ژینگەیەکدا کە هێزی کێشکردن تێیدا لاواز بێت، ئەمەش بەو ئامانجەی ئاژانسەکە خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکات تا لە گەشتەکانی داهاتوودا هیچ مەترسییەک رووبەڕووی ژیانی ئاسمانەوانەکانی نەبێتەوە.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، ناسا بۆ ئەو مەبەستە لە کۆتایی ئەمساڵدا چوار جۆر ماددەی جیاواز لەژێر چاودێرییەکی چڕدا لەسەر رووی مانگ دەسووتێنێت.
 
توێژینەوەکان دەڵێن، لە ژینگەیەکی هاوشێوەی مانگدا کە هێزی کێشکردنی، شەش هێندە لە هێزی کێشکردنی زەوی لاوازترە، ئاگر بەشێوەیەکی جیاواز کاردانەوەی دەبێت، چونکە ئاگر لەسەر زەوی، لەژێر کاریگەریی هەندێک یاسای وەک: "بوونی ئۆکسجین و گواستنەوەی گەرمی"دایە، بەڵام لە سەر رووی مانگ و هێزی کێشکردنی سفردا تەواو جیاوازە و ماددەکان زیاتر ئەگەری سووتانیان هەیە، بە بەراورد بە هەسارەی زەوی.
 
توێژەران هۆشداریی ئەوە دەدەن، کە ئەو ماددانەی لەسەر زەوی بە سەلامەت دادەنرێن، رەنگە لە بۆشایی ئاسماندا بە شێوەیەکی تر بن و بە ئاسانی بسووتێن؛ لە ئەزموونەکانی رابردوودا لە بۆشایی ئاسمان، دەرکەوتووە بڵێسەی ئاگر جیاوازترە و زیاتر و خێراتر تەشەنە دەسێنێت، ئەمەش وایکردووە ئاستی مەترسییەکان لەسەر ژیانی ئاسمانەوانەکان زیاتر بێت و بیر لەوە بکرێتەوە چۆن لە ئەگەری کارەسات و کەوتنەوەی ئاگر لە نێو کەشتییە ئاسمانییەکاندا، ئاسمانەوانەکان هەوڵی خۆپارێزی و مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ دۆخەکەدا بدەن.
newspaper

بابەتی پەیوەندیدار