شۆن دافی، بەڕێوەبەری دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی بۆشایی ئاسمان، کە لە شاری سیدنی لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو، رایگەیاند: ژیانێکی بەردەوام لەسەر رووی مانگ دروست دەکەین، ئەمە تەنیا وێستگەیەک نابێت، بەڵکوو هاوشێوەی گوندێکە".
هەروەها ئاشکراشی کرد، ئاژانسی ناسا لەتوانایدایە لەسەر رووی مانگ مەرجەکانی ژیان دەستەبەر بکات و بەردەوامیی پێ بدات.
سەبارەت بە پلانی ئەمریکا بۆ گەشتی سەر هەسارەی مەریخ، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە رایگەیاند: ناسا لەو بارەیەوە هەنگاوی گەورەی بڕیوە و پێشبینی دەکەین ئەمریکا یەکەم وڵات بێت گەشتی هەسارە سوورەکە بکات.
ئاژانسی ناسا لە بەرنامەیدایە، لە ساڵی داهاتوو چوار ئاسمانەوان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ئارتیمیس – 2" رەوانەی مانگ بکات، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر یەکەم گەشتی ئەمریکا بۆ سەر رووی مانگ، جگە لەوەش، ئاژانسەکە بەنیازە لە ناوەڕاستی ساڵی 2027ـدا دوو ئاسمانەوان بۆ راپەڕاندنی ئەرکێکی حەوت رۆژە رەوانەی نزیکی جەمسەری باشووری مانگ بکات.
راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئاژانسە ئەمریکییەکە ئامانجی ئەوەیە بنکەیەکی ئەتۆمیی گەورە لەسەر رووی مانگ بنیات بنێت، ئەویش بۆ مەبەستی توێژینەوە و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ ئاسمانەوانەکان.
ناسا لەسەر مانگ گوندێک دروست دەکات


ئاژانسی ناسای ئەمریکا بەنیازە لە ساڵی 2035ـدا گوندێک لەسەر رووی مانگ دروست بکات.