ئەوەی بە ملیارێک ساڵ دروست دەبێت، چین بە هەفتەیەک دروستی دەکات

کوردساتکوردسات
22:15:00 2025/09/3022:15:00 2025/09/30

ئەڵماس لە سرووشتدا پێویستی بە زیاتر لە ملیارێک ساڵە بۆ ئەوەی پەیدا ببێت، بەڵام چین تەنیا بە هەفتەیەک لە تاقیگەکانیدا توانیویەتی زیاتر لە 20 ملیۆن ئەڵماس دروست بکات.

ئەڵماسی سرووشتی لە قووڵایی 150 بۆ 200 کیلۆمەتر لە ناخی زەویدا لەژێر گەرمی و پەستانێکی زۆردا دروست دەبن، ئەویش لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەتۆمەکانی کاربۆن و پەیدابوونی پێکهاتەی بلووریی ئەڵماس، کە بەپێی هەندێک لە توێژینەوەکان، هەندێک لەم بەردە بەنرخانە تەمەنیان لە نێوان 3.3 بۆ 3.5 ملیار ساڵە.

هەندێک جار لە ئەنجامی تەقینی گڕکانەکانەوە بەردی کیمبەرلایت و لامپرۆیت لەرووی زەوی نزیک دەبنەوە و مرۆڤ بەوهۆیەوە بە ئاسانی بەدەستیان دەخات؛ بە وتەی جیۆلۆجیستەکان، هەر ئەڵماسێکی سرووشتی مۆرێکی تایبەتی جیۆلۆجی لەسەرە کە ئاماژە بە کاتی پەیدابوونی دەکات.

لە کاتێکدا دروستبوونی ئەڵماس و بەردی گرانبەها ملیاران ساڵیان پێویستە، بەڵام چین لە ئێستادا لەڕێی تاقیگە پێشکەوتووەکانیەوە بە چەند رۆژێک دەتوانێت ژمارەیەکی زۆری لێ بەرهەم بهێنێت، ئەویش بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پەستان و پلەی گەرمیی بەرز، لەگەڵ نیشتنی هەڵمی کیمیایی، هەموو ئەم پڕۆسەیە لە ژوورێکی خاڵی لە هەوا بەڕێوەدەچێت و لە کۆتاییدا ئەڵماسێکی پاک و پوخت بەرهەم دێت.

چین تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 20 ملیۆن ئەڵماسی بەرهەم هێناوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە لە بازاڕی ئەڵماس و بەردە گرانبەهاکاندا رۆڵی بەرچاوی هەبێت و دەستی لە گۆڕانکاریی لە نرخدا هەبێت.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار