تۆمارگەیەک بووەتە یادەوەریی شار

تۆمارگەیەک بووەتە یادەوەریی شار

تۆمارگەی خیام لە ساڵی 1967 دامەزراوە و گۆرانیی بۆ زۆرێک لە گۆرانیبێژەکانی سلێمانی و دەوروبەری تۆمارکردووە و زۆرینەی هاووڵاتیان یادەوەرییان لەگەڵ بەرهەمەکانیدا هەیە. کاوە محەمەد سەعید، خاوەنی تۆمارگەی خیام بە کوردساتی راگەیاند: 58 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی 24ـی نیسان ئەم تۆمارگەیە لەسەر دەستی حەمەی حاجی سەعیدی باوکم دامەزراوە و دواتر مامەکانم یەک بەدوای یەک تۆمارگەکەیان بەڕێوەیان بردووە و تا گەیشتووە بە من. تۆمارگەکە هاوشێوەی گەلەرییە و وێنەی کۆنی هونەرمەندانی کوردی تێدا هەڵواسراوە. وەک خاوەنی تۆمارگەکە دەڵێت: زیاتر لە 90%ـی گۆرانیبێژە کۆنەکانی سلێمانی و دەوروبەری لەم تۆمارگەیە گۆرانییان بۆ تۆمارکراوە. سەرەڕای بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا، بەڵام بازاڕی شریتی کاسێت هێشتا گەرمە. کاوە محەمەد سەعید لەوبارەیەوە دەڵێت: تەکنەلۆجیا بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەڵام خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ کڕینی قەوان و شریتی کاسێت، چونکە هەر شتە کۆنەکان جوانترن و دەنگیشیان سافترە. فۆتۆ؛ بیرەوەر زاهیر - کوردسات