ژیان و پێگەی پێشەوا:
قازی محەمەد لە ساڵی1893(1ـی گوڵانی 1272ـی هەتاوی) لە شاری مەهاباد لەدایکبووە. کەسایەتییەکی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر بووە، جگە لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئازەری، ئاشنایی باشیشی لەگەڵ زمانەکانی فەرەنسی، ئینگلیزی و ڕووسیدا هەبووە. پاش کۆچی دوایی باوکی، بووەتە دادوەری مەهاباد و هاوکات بەرپرسیارێتیی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ئەوقافی پێ سپێردراوە. یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی لەو سەردەمەدا، دروستکردنی یەکەمین خوێندنگەی کچان بوو لە مەهاباد.
بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئێران لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1941-1946)، قازی محەمەد وەک کەسایەتییەکی متمانەپێکراو کاروبارەکانی ناوچەکەی بەڕێوە دەبرد. دواتر دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی (ژێ-کاف) و پاش گۆڕینی ناوی کۆمەڵەکە بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان.
کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی:
لە 22ـی کانوونی دووەمی 1946 (2ـی ڕێبەندانی 1324ی هەتاوی)، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا و قازی محەمەد وەک یەکەم سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. کۆمارەکە سنورێکی فراوانی لە بۆکانەوە تا سەردەشت و نەغەدە دەگرتەوە. خاوەنی 13 وەزارەت، ئاڵای تایبەت بە خۆی و هێزی پێشمەرگە بوو. لە تەمەنی کورتی ئەم کۆمارەدا چەندین دەستکەوتی گرنگ بەدەستهاتن؛ وەک دامەزراندنی ڕادیۆی کوردی لە مەهاباد، هێنانی چاپخانە و دەرکردنی ڕۆژنامەی (کوردستان) و گۆڤاری منداڵان، هەروەها دروستکردنی یەکێتیی ژنان و نمایشکردنی یەکەمین شانۆنامەی کوردی بە ناوی (دایکی نیشتمان).
ڕووخانی کۆمار و لەسێدارەدان:
پاش کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئێران بەهۆی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە، سوپای ئێران هێرشی کردە سەر ناوچەکە و لە 17ـی کانوونی یەکەمی 1946 کۆتایی بە تەمەنی 11 مانگەی کۆماری کوردستان هێنا.
لەسەر بڕیاری شای ئێران، قازی محەمەد و هاوڕێکانی دادگایی کران بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پارچەکردنی ئێران. سەرەنجام لە بەرەبەیانی 30ـی ئازاری1947(10ـی خاکەلێوەی 1326ـی هەتاوی)، قازی محەمەد لە تەمەنی 54 ساڵیدا، لەگەڵ (حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی) وەزیری بەرگری و (ئەبولقاسم سەدری قازی) برای، ڕێک لەو شوێنەی کۆماریان تێدا ڕاگەیاندبوو، واتە گۆڕەپانی چوارچرا، لەسێدارە دران.
تەرمی پێشەوا و هاوڕێکانی لە گۆڕستانی (مەلا جامی) بە خاک سپێردران، کە تا ئەمڕۆش مەزارەکەیان بووەتە قیبلەگای ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی کورد.



