ناتوانین بەبێ بیرکردنەوە لە زاگرۆس، بیر لە میسۆپۆتامیا بکەینەوە

کوردساتکوردسات
21:00:00 2025/12/0121:00:00 2025/12/01

دەزگای میدیایی کوردسات چاوپێکەوتنی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی تیمە شوێنەوارناسییە پورتوگالییەکەی زانکۆی کۆیمبرا و جێگرەکەیدا ئەنجام دا دەربارەی دۆزینەوە گرنگەکەیان لە دەشتی بازیان، کە بە وتەی زۆرێک لە مێژوونووسان، دۆزینەوەکە دەشێت گێڕانەوەی مێژووی دێرینی مرۆڤایەتی بە تەواوی بگۆڕێت.

تیمێکی زانکۆی کۆیمبرای پرتوگالی و شوێنەواری سلێمانی، ماوەی نزیکەی 10 ساڵە لە سنووری قەزای بازیان لە گردی شوێنەواریی "کانی شایی" کنەوپشکنین دەکەن و لەمساڵدا توانییان پاشماوەی پەرستگایەک بدۆزنەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 3000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و سەلمێنەری ئەوەیە، کە گەلانی زاگرۆس هاوشێوەی سۆمەرییەکان خاوەنی شارستانیەت بوون.

 

پرسیارەکان ئاڕاستەی د. ئەندرێ تۆم و د. ستیڤە ڕێنێت کراون.


پرسیار: پێت وایە گەلی ناوچەی زاگرۆس یەکەمین شار یاخود شارۆچکەی خۆیان لێرە دروست کردووە؟

ئەم دۆزینەوە تازەیە کە مێژووەکەی بۆ ٣٣٠٠ بۆ ٣١٠٠ پێش زایینی دەگەڕێتەوە. ئەوەی لە پاشماوەی کانی شایی دۆزرایەوە ئەوە پیشان دەدات هاوکات و پێکەوە گەشەسەندنێکی کولتووری لە ناوچەکانی زاگرۆس و باشووری میسۆپۆتامیا هەبووە. هیچ کامیان لە دوورەپەرێز یاخود "لە پەراوێزدا" نەبووە وەک هەندێکجار وا دەگوترێت. کانی شایی ئەوە دەردەخات کە جیهانی زاگرۆس بەشێک بووە لە پڕۆسەی شارستانی. ناتوانین بەبێ بیرکردنەوە لە زاگرۆس بیر لە میسۆپۆتامیا بکەینەوە. 

پرسیار: ئایا توانیوتانە ئەو خواوەندە دەستنیشان بکەن کە لەم "پەرستگا"ـیەدا پەرستراوە؟ یاخود ئایینێکی دیاریکراوتان بۆ دەرکەوتووە؟

کنوپشکنین و بەڵگەی زیاترمان پێویستن. تاکوو ئێستا تەنیا بەشێکی بچووکی بینایەکی گەورەمان پشکنیوە. گەرچی ئەو شوێنانەی کاری کنەوپشکنینیان بۆ کراوە سرووتێکی ڕوونی ئایینیان تیا نەدۆزراوەتە، بەڵکوو چەند توخمێکی تەلارسازیی وەک دەروازەی چوونەژوورەوە، راڕەو و شێوازی چینەکانی تەلارەکە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێرە ناوەندێکی گەورەی رێکخستنی دانیشتووان بووە لە کۆتاییەکانی سەردەمی (مس)دا. ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی لێرە دۆزراونەتەوە، هاوشێوەی ئەوانەن کە لە پەرستگاکانی دیکەی میسۆپۆتامیا هەن، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە رەنگە بەڕاستی ئێرەش باڵەخانەیەکی رەسمیی ئایینی بووبێت، دۆزینەوەی مۆری لوولەکیش ئاماژەیەکی بەهێزی ترە.

 

پرسیار: ئایا هیچ دەقێکتان لە "پەرستگا"ـکە دۆزیوەتەوە؟

هێشتا نا، لە سەروەختی یەکەم وەرزی کنەوپشکنینماندا تابلێتێکی بچووکی ژمارەمان لە نزیک ئەم ناوچەیە دۆزیەوە. ئەمەش نیشانەیە بۆ دەزگایەکی بەڕێوبەرایەتی و دەسەڵاتداری کە ڕەنگدانەوەی جڵەو و ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتییە. ڕەنگە لە کنەوپشکنینەکانی داهاتوودا زیاترمان بۆ دەرکەوێت، جا دۆزینەوەکان سەر بە کۆتایی قۆناغی مسینی ٥ بێت یاخود تەنانەت کۆتایی سەرەتاکانی قۆناغی مسین ٤ ئاست هێشتا کاری کنەوپشکنینیان بۆ نەکراوە.


پرسیار: ئایا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەم پەرستگایەی کانی شایی و شاری ئورک هەیە؟

چەند لایەنێک هەیە کە ئەگەری لێکنزیکییەک لە نێوان ئەو دوانە دەڕەخسێنێت. بەکارهێنانی سیرامیکی هاوبەشییەکی گرنگ دەخاتە ڕوو، هەروەها چەند پارچەی قوچەی دیوارمان لە بەشی بینا گەورەکە دۆزیوەتەوە – بەداخەوە لە situ نا- کە بیرهێنەرەوەی تەلارسازیی ڕازاندنەوەی دیوارەکانی باشووری میسۆپۆتامیایە. هەموو ئەم توخمانە ئاماژەن بۆ پەیوەندییەکی کولتووری یاخود نەریتێکی هاوبەش لە سەرتاسەری ناوچەکە.

پرسیار: چ  کەلوپەل و تایبەتمەندییەکی تەلارسازی لەم "پەرستگا"ـیە دۆزراوەتەوە، کە یارمەتیی دان ئەم شوێنەوارە وەک "پەرستگا" دەستنیشان بکە.

وەک ئاماژەتان پێ دا، هێشتا بۆ لێکدانەوە و ڕاڤە زۆر زووە. بۆ ئێستا لەسەر بنەمای لایەنی تەلارسازی (وەک دەروازەی بیناکە، مۆری لوولەیی) ئەوە پێشنیار دەکەین ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شوێنەوارە پەرستگا بێت، هەروا بێتەوە ئەم بینایە هیچ بەڵگەیەکی ژیانی ڕۆژانەی نیشتەجێبوونی تێدا نییە. هەموو ئەمانە پێکەوە ئەو بەڵگانە دەخەنە ڕوو ئێرە شوێنێکی تایبەت یاخود ڕەسمی بووە، نەک نیشتەجێبوون.  

پرسیار: پلانتان هەیە لە داهاتوودا درێژە بە کاری کنەوپشکنین بدەن لە کانی شایی؟

بێگومان هیوادارین کە بتوانین. هێشتا زۆر چیرۆکی شاراوە هەن بگێڕدرێنەوە. کارەکەمان پشت بە فەندی داهاتوو دەبەستێت. ئامانجمانە داتاکانی ئێستای بەردەستمان لە دوو سێ ساڵی داهاتوودا بڵاو بکەینەوە؛ نامیلکەیەک کە تیشک دەخاتە سەر چینۆگرافی [زانستی لێکۆڵینەوە لە چینەکانی زەوی] و سێ وەرزی سەرەتای کنەوپشکنینیش بۆ ساڵی داهاتوو بەرنامەی بۆ دانراوە. بەڵام بێگومان پێمان خۆش زیاتر لەبارەی کانی شاییەوە بزانین. تا ئێستا بە ئەنجامەکان دڵخۆشین: ئەمە باشترین شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراوە لە ناوچەکە، ئەمە جگە ژمارەیەکی زۆر لە مۆری سەرەتای سەردەمی برۆنزی و چەندین دۆزینەوەی تر، کە ڕاستگۆ بم وا دەکات کانی شایی ببێتە یەکێک لە کلیلە هەرە گرنگەکانی تێگەیشتن لە مێژووی زاگرۆس.

newspaper

بابەتی پەیوەندیدار