بەختیار حەمەسوور: چیرۆک بۆ من لە دەرەوەی ناو و ناوبانگ و دەرکەوتنە

کوردساتکوردسات
11:00:00 2025/10/0111:00:00 2025/10/01

 

بەختیار حەمەسوور لەدایکبووی شاری سلێمانییە. یەکەم چیرۆکی ساڵی 2010 بڵاو کردووەتەوە. تا ئێستا دوو کۆمەڵەچیرۆکی چاپ کردووە، یەکەمیان: "مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن" ساڵی 2015. دووەمیان: "ئامادە: چرک!" ساڵی 2021. ئێستاش نوێترین کتێبی بە ناوی "گۆرانیبێژی بچووک" چاپ بووە و بڕیارە لەم ڕۆژانەدا بڵاو بکرێتەوە.

لەم گفتوگۆ کورتەدا دەربارەی کتیبە نوێیەکەی و چەند پرسی پەیوەست بە چیرۆکەوە، دەدوێت.

-ماوەی چەندە سەرقاڵی نووسینی "گۆرانیبێژی بچووک"یت؟

* وەک لە دوایین لاپەڕەی کتێبەکەدا نووسراوە (کۆتایی 2021 ـ ناوەڕاستی 2025)، واتە چوار ساڵ. هەڵبەت نەک لەو ماوەیەدا هەموو ڕۆژ لە بەردەم کۆمپیوتەر دانیشتبم و نووسیبم، بەڵام بەردەوام لە هەرکوێ بووبم، ئەم چیرۆکانە، بە ڕووداو و کەسێتییەکانیانەوە، بە ژاوەژاو و دەنگگەلی ئاشنا و نائاشنای شارەوە، لە زەین و بیرمدا هاتوون و چوون.

 

- کەی بڵاو دەبێتەوە؟

  •  کتێبەکە بە سوپاسەوە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو دەکرێتەوە. بڕیارە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، کە لە (3 تا 13/ 10)ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، "گۆرانیبێژی بچووک"یش لە ژووری 'دەزگای سەردەم' بەردەست دەبێت.

 

- لە ڕووی ستایلەوە جیاوازیی لەگەڵ دوو کتێبەکەی دیکەتدا هەیە؟

  • بۆ من هەر چیرۆکێک شێوازێکی تایبەت و دیاریکراو بە خۆی هەیە. ئەوەش ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەیە کە چیرۆکەکە نیشانگری دەکات. بێگومان 'گۆرانیبێژی بچووک' لە دوو کتێبەکەی پێشوو جیاوازە و لێرەشدا مەسەلەی جیاوازبوون بە مانای زەقکردنەوەی باشتر یان خراپتر لە کارەکانی پێشوو نییە، بەقەد ئەوەی کە چۆن کار کراوە و ئەو جیاوازییە بە چ ئاڕاستەیەکدا براوە. نایشارمەوە "جیاوازبوون" بۆ من باسێک نییە، تەنیا شتێک سەروەختی چیرۆکنووسین بیری لێ بکەمەوە، چیرۆکە.

 

- چ شتێک تۆی بەرەو چیرۆکنووسین برد؟ بۆچی بەرەو نووسینی شیعر یاخود رۆمان نەچوویت؟

  • نازانم. بڵێم چیرۆکە زۆرەکانی دەوروبەرم، بڵێم خەمی بیرچوونەوە، بڵێم جگە لە چیرۆک دەستوپل سپیم لە هەموو شتێکدا، بڵێم لەبەر خۆشویستنی خودی ژانرەکەیە، نازانم. بەڵام دەزانم چیرۆک بۆ من لە دەرەوەی ناو و ناوبانگ و دەرکەوتنە. من هەر بیرێکم هەبێ، تا نەیخەمە سەر شێوەی چیرۆک، ناتوانم لێی تێبگەم، تەنانەت کە بیر لە هاوڕێکانیشم دەکەمەوە، دەبێت وەک چیرۆک بیریان لێ بکەم جا دەتوانم یادیان بکەم. ڕاستیەک هەیە، هیچ شتێک وەک چیرۆک ڕووی لە داهاتوو نییە، ئێمە لە ڕێی چیرۆکەکانەوە دەزانین پێش ئێمە چی ڕوویداوە، دڵنیانیم چیرۆکەکانی من دەتوانن قسەیەکیان بۆ داهاتووان هەبێت یان نا، بەڵام بەو هیوایەوە، چیرۆکی خۆم و دەوروبەرەکەم دەنووسمەوە.

 

- لە چیرۆکنووسیندا چ شتێک تۆی بەرەو مینیماڵیزم برد؟

  •  ڕاستییەکەی مینیماڵیزم شتێک نییە نیاز و مەبەستی من بووبێت لە چیرۆکنووسیندا، تەنانەت هەندێک کەس، زۆریش ڕێز و سوپاسم هەیە بۆیان، کە چیرۆکەکانی منیان لەو خانەیەدا داناوە، بۆ خۆم زۆر مەسەلە نەبووە و نییە. من شەیدای وردەکارییەکانی دەوروبەرم و بە ئەڤینەوە تێیاندا دەژیم و خەمگینانە بۆیان دەڕوانم، ئەمە هاتووەتە ناو چیرۆک و تێکڕای ژیانی ئاساییشمەوە. دروشمێک کە لای مینیماڵیزمەکان بەرز کراوەتەوە، ئەمەیە: ''بچووک جوانە.'' و ''کەمیش زۆرە!''، بۆ من، بەر لە خوێندنەوە و ئاشنابوون و بینینی کار و بەرهەمی مینیماڵەکانیش، ئەو دروشمانە هەبووە و هەیە.

 

- ئایا لە نووسینی چیرۆکدا سوود لە میوزیک، تابلۆ، فیلم و هونەرەکانی تر وەردەگریت؟

  • پێم وایە ئێستا چیدی ئەو هێڵەی نێوان ژانرەکان تێکشکاوە و هەمووان سوود لە یەک وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا یاسا و ڕێسای ژانرەکان پارێزراو ماوەتەوە. لە کارەکانی پێشوودا خوێنەر دەتوانێت ئەو سوودوەرگرتنەی من ببینێت کە لە بوارەکانی ترەوە هاتوونەتە نێو چیرۆکەکانەوە و ئیدی لە ڕێی کارەکتەرێک، یان ڕووداوێکەوە بێت، یان هەر بۆ خۆیان چەق بووبێتن. لە ''گۆرانیبێژی بچووک''یشدا هەمان سوود و ئاوڕ بۆ ئەو کایانە هەیە، زۆر بە تایبەتیش، هێڵێکی شێوەکاری، لە دەستپێک تا کۆتایی کتێبەکە، درێژ بووەتەوە.

 

- کاتێک خوێنەران چیرۆکێکی تۆ تەواو دەکەن، دەتەوێت چ شتێکیان لەلا بەجێ بهێڵیت؟

  • زۆر باوەڕم بە ژیانی بەردەوامی کتێبەکان هەیە. بەو واتایەی کە خوێنەر دوایین لاپەڕەی کتێبێک تەواو دەکات، ژیانێکی تر دەست پێ دەکات، ئەویش بە بیرهێناوە و بەرچاوخستنەوەی ئەو ڕووداو و دیمەن و قسانەی هەبوون لە کتێبەکەدا. من بۆ خۆم وام. هەر ئەوەشە زۆرجار کە کتێبێک دەخوێنمەوە (مەبەستم ژانرەکانی گێڕانەوەیە)، ماوەیەک دەوەستم تا بە هەوا و هەناسە لەگەڵی بژیم، لەو ماوەیەدا شتێک دەخوێنمەوە کە گێڕانەوە نەبێت. بەڕاستی نازانم خوێنەران چی شتێکیان لە چیرۆکەکانی من لا دەمێنێتەوە، ڕەنگە ئەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕێت. جارێک خوێنەرێک گوتی: منداڵیی کەسێتییەکم، کە ڕۆژێک لە قوتابخانە، کە کەمترین نمرەی پۆلەکەی وەرگرتووە و لۆژەلۆژ بۆ ماڵ گەڕاوەتەوە، زیادتر لە هەموو شتێک لای ماوەتەوە.
newspaper

بابەتی پەیوەندیدار