ئەڵمانیا بە نیازە یاساکانی کۆچ توند تر بکات

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە ساڵی رابردوو رویان لە ئەڵمانیا کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە ، “تۆماس دی میزێر” وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەرلین رایگەیاند ساڵی رابردوو ٢٨٠ ھەزار کۆچبەر روویان لە ئەڵمانیا کردووە ئەمە لە کاتێکدا کە ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ٩٠٠ ھەزار کۆچبەر بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی روویان لەو وڵاتە کردووە .

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ھۆکاری کەم بوونەوەی ژمارەی کۆچبەرانی گەراندۆتەوە بۆ رێکەوتنەکەی مانگی ئازاری ساڵی رابردوی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا کە بە پێی ئەو رێکەوتنە وڵاتانی بەڵکان سنورەکانیان بە رووی کۆچبەرانی نایاساییدا داخست .

لەبارەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە دیپۆرت کراونەتەوە یان خۆ ویستانە ئەڵمانیایان جێ ھێشتووە وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند ساڵی رابردوو ٥٥ ھەزار کۆچەر خۆ ویستانە ئەڵمانیایان جێھێشتووە و ٢٥ ھەزار کۆچبەری تریش بە ھۆی ئەوەی مەرجەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتیان تێدا نەبووە دیپۆرت کراونەتەوە .

لە لایەکی ترەوە حکومەتی ئەڵمانیا بە نیازە پێداچوونەوە بە یاساکانی روبەروبوونەوەی تیرۆر و یاسای کۆچبەراندا بکات و چاوەروانیش دەکرێت دوای پێداچوونەوەیان ئەو یاسایانە توند تر بکرێن ، ھەروەھا بریارە بەشێوەیەکی وورد تر چاودێری ئەو کەسانە بکرێت کە مەترسی ئەوەیان لێ دەکرێت ببنە سەرچاوەی ھەرەشە بۆ کۆمەڵگای ئەڵمانی .

ھەر بە پێی ئەو رێوشوێنانە ئەو کەسانەی کە داواکاری پێدانی مافی پەنابەرێتیان رەت دەکرێتەوە لە ماوەی سێ مانگدا دیپۆرت دەکرێنەوە ئەگەر ئەو وڵاتەی کە لێوەی ھاتون ئامادە نەبوو وەریان بگرێتەوە ئەوا لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێن

توند کردنەوەی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆچبەران لە کاتێکدایە کە پێشتر ھەواڵگری ئەڵمانیا رایگەیاندبوو کە ٥٤٨ کەسی توند رەو لەسەر خاکی ئەڵمانیا دەژین و ھەرەشەیان لەسەر ئاسایشی گشتی وڵات دروست کردووە .