تەکنەلۆژیا

ناسا: پێدەچێت لەم ناوچەیەی مانگدا ژیان هەبێت

یەکێک لە زانایانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) رایگەیاند: بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، پێدەچێت ژیان لەسەر رووی مانگ هەبێت.
پراباڵ ساکسینا، گەردوونناس لە ناوەندی گۆدارد بۆ گەشتەکانی بۆشایی ئاسمان، کە سەر بە ئاژانسی ناسا-یە، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە پێگەی "Space.com"ی راگەیاند: یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی تیمەکەمان ئاشکرایکردووە ئەوەیە، کە جەمسەری باشووری مانگ ئەگەری زۆرە تایبەتمەندیی ئەوەی تێدابێت چەند میکرۆبێک تیایدا بمێننەوە و گەشە بکەن، ئێمە لە ئێستادا توێژینەوەکانمان لەبارەی دۆزینەوەی لەبارترین شوێن لە سەر مانگ چڕترکردووەتەوە.
لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد؛ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە مرۆڤ لەڕێی تەکنەلۆجیاوە چالاکیی لەسەر مانگ هەیە و چەندین کەلوپەل و ئامێریشی لەسەر مانگ بەجێهێشتووە، کە ئەمەش ئەگەری رەخساندنی ژیان بۆ میکرۆبەکان زیاتر دەکات.
بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025-دا، ئاژانسی ناسا لەڕێی پڕۆژەی ئارتیمیس-ەوە جارێکی تر مرۆڤ روانەی مانگ بکات.