تەکنەلۆژیا

ئەگەر ئەم دیاردەیە رووبدات بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئینتەرنێت لەسەر زەوی لەکاردەکەوێت

توێژەران لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا "ناسا" هۆشداریدەدەن لە روودانی دیاردەی رەشەبای خۆری، کە لە ئەگەری روودانیدا بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئینتەرنێت لەسەر زەوی پەکدەخات.
ئاژانسی ناسا لەڕێی 12 روانگە و مانگی دەستکردەوە چاودێریی خۆر دەکات، لە ساڵی 2018-دا لەڕێی ناردنی کەشتیی ئاسمانی "Parker Solar Probe" توانییان بەشێوەیەکی بەرچاو لە خۆر نزیکببنەوە و باشتر لە دیاردەی رەشەبای خۆری بکۆڵنەوە، کە بریتییە لە دەرچوونی بەردەوامی پلازما لە ئەستێرەکەوە.
لە ساڵی 1859-دا بەهێزترین رەشەبای خۆری تۆمارکراوە، کە زانایان دەڵێن، ئەگەر لە سەردەمی ئێستاماندا رووبدات، ئەوا سەرجەم مانگە دەستکردەکانی دەوری زەوی لەکاردەکەون و بەوهۆیەشەوە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی سەر زەوی لە چاوتروکانێکدا لەکاردەخات و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئینتەرنێت و تۆڕی پەیوەندی.
پرۆفیسۆر ستیوارت بێڵ، مامۆستا لە زانکۆی کالیفۆرنیا و یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوە لە بواری رەشەبای خۆری بە رۆژنامەی "بزنس ئینسایدەر"ی رایگەیاند: " توێژینەوە لەبارەی میکانیزمی کارکردنی رەشەبای خۆری گرنگە، هەتا بزانین خۆر بە چ میکانیزمێک وزە فڕێدەدات و چۆن کار لە بواری موگناتیسیی زەوی دەکات، کە دەشێت بەهۆیەوە ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیا لەسەر زەوی بۆ ماوەی چەندین ساڵ پەکبخات".