جۆن مەکین بە رەسمی پشتیوانی خۆی بۆ دۆناڵد ترامپ کشاندەوە

جۆن مەکین سیناتۆری ئەمریکا کە کەسایەتییەکی دیاری ناو پارتی کۆماری ئەمریکایە بە رەسمی پشتیوانی خۆی بۆ دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشاندەوە .

مەکین رایگەیاندووە دوای ئاشکرابوونی رەفتارو لێدوانە نەشیاوەکانی ترامپ بەرامبەر بە ژنان ئەستەمە بەردەوام بم لە پشتیوانی کردنی دۆناڵد ترامپ ، مەکین لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ترامپ کشاندەوە رەتیشی کردەوە کە لەبەرامبەردا پشتیوانی لە ھیلاری کلینتۆن بکات.

ئاشکرابوونی تۆمارێکی دەنگی دۆناڵد ترامپ کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ کە تیایدا ترامپ زۆر بەشێوەیەکی نەشیاو باسی ژنان دەکات و شانازی بەتواناکانی خۆیەوە دەکات لە سەرنج راکێشانی ژناندا لە ئەمریکا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە ، ئەو لێدوانانە لە ناو ھەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان بە سوکایەتی کردن بە ژنان وەسف کرا .

بەھۆی ئاشکرابوونی ئەو تۆمارەشەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو کۆمارییەکان رەخنەیان لە ترامپ گرت لەوانەش “پۆل رایان” سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و میت رۆمنی و جاسون شافییزی سەرۆکی لیژنەی چاکسازی حکومی لە ئەنجومەنی نوێنەران و راینس بریبیس سەرۆکی لیژنەی نیشتیمانی کۆمارییەکان و ژمارەیەکی دیار لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا رەخنەی توندیان لە ترامپ گرت .

ئاشکرابوونی ئەو ئابروو چوونەوەی ترامپ لە کاتێکدایە کە بریارە ئەمرۆ دووەم دیبەیتی نێوان ھیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترامپدا بەرێوەبچێت .