تەکنەلۆژیا

بایدن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنێت

لە هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"دا هاتووە، لیژنەی چالاکییە سیاسیەکان ( PAC ) لە ئێستادا پارە بە ٨ چالاکوانی کۆمەڵگە دەدات لە بەرامبەر تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تیک تۆک" کە تێیدا کار لە گەنجان بکەن و هانیان بدەن دەنگ بە "جۆو بایدن"ی کاندیدی دیموکراتەکان بدەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا

بە گوێرەی هەواڵەکە، "کریستیان تۆم" بەڕێوەبەری بەشی هاوبەشە ئەلیکترۆنیەکان لە تیمی بانگەشەی بایدن، ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی گونجاون سەبارەت بە ناردنی پەیامی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدەران لە ماوەی هەڵبژاردنەکەدا و پێشیان وایە کە هاوبەشە ئەلیکترۆنییەکانیان بە گشتی دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن لە بەدیهێنانی ئەو پەیوەندیە لە نێوان دەنگدەران و تیمی بانگەشەی بایدن

جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا شێوازی پارەدان بە ناوداران و ئەو کەسانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر کۆمەڵگە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی پەیام و ڤیدیۆی هاندان زۆر بەربڵاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لە (  تیک تۆک و ئینستاگرام و یوتوب و وەتساپ ) لە کاتێکدا ماڵپەڕەکانی (FB.O)ی فەیسبوک و (GOOGL.O Google)ی کۆمپانیای "ئەلفابێت" ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ڕیکلامی بانگەشەی هەڵبژاردن نادەن یاخود ڕایاندەگرن لە ڕۆژانی پێش وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.

لە بەرامبەریشدا زۆرێک لە توێژەرانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاندووە، پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و فیدڕاڵی نییە، پێچەوانەی یاساکانی ڕیکلامی ئەلیکترۆنیە و پرسیار لەسەر بێ خەوشی پڕۆسەی هەڵبژاردن دروست دەکات