تەکنەلۆژیا

حکومەتی بەریتانیا سەرکێشی بە ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆوە دەکات

لە هەواڵێکی ئاژانسی "بی بی سی" دا هاتووە، کە حکومەتی بەریتانیا سەرکێشی بە ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆوە دەکات بە وەبەرهێنانی لە پڕۆژەی مانگی دەستکردی کۆمپانیایەکی شکستخواردوو بە ناوی "OneWeb" کە بە واتای یەک تۆڕ دێت

وەبەرهێنانەکەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە پڕۆژەی مانگی دەستکردی کۆمپانیایەکە لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەیە بۆ دروستکردن و بەکار‌هێنانی شوێنگرەوەیەک بۆ سیستمی شوێنپێ هەڵگری جوگرافی تایبەت بە مانگی دەستکردی "گالیلۆ" کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە خاوەندارییەتی دەکرێت

لەو بارەیەوە " ئالۆک شارما" وەزیری بازرگانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵە یارمەتیدەر دەبێت لە پێشکەشکردنی یەکەمین توانای ئاسمانی سەروەرانە (سیادی)ی تایبەت بە شانشینی یەکگرتوو

جێی ئاماژەیە، کۆمپانیای "OneWeb" لە مانگی ئازاری ڕابردوودا مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند لە کاتێکدا لە هەوڵی بەر‌هەمهێنانی تۆڕێکی ئاسمانی مانگی دەستکرد بوو کە بتوانێت لە مەودایەکی گەورەدا سیگناڵ پەرش بکات

لە ئێستاشدا شانشینی یەکگرتوو بەشێکە لە زنجیرە کۆمپانیاکانی "کۆنسۆرتیەم" بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای " بهارتی گڵۆباڵ"ی هیندی کە توانی ململانیی مافی خاوەندارییەتی کۆمپانیای "OneWeb" لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بباتەوە