بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید مولازم خولە عەزیز ئاغا کردووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
بنەماڵەی سەربەرزی شەهید مولازم خولە عەزیز ئاغا
لە دڵەوە نیگەران بووین بە کۆچی دوایی کاک (سالم شەهید مولازم خولە عەزیز ئاغا)، بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادە سەربەرزەکەتان دەکەین کە نموونەیەکی باڵان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا.
لە خوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو، بە بەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند کە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێکی خێرا بۆ رێگریکردن لە یاری کردن بە نرخی هێلکەی دوای ئەوەی لە ماوەی پێشودا نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و وەزارەت فەرمانی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کردووە چاودێری بازاڕەکان بکەن و سزای یاسایی ئەو کەسانە بدەن کە نرخەکان گران دەکەن
مەهدی سەهر جبوری بریکاری کارگێڕی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە: لایەنە پەیوەندیدارەکان تێبینی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکەیان کردووە لە بازاڕەکانی کۆفرۆشی لە بەغداد و پارێزگاکان بە جۆرێک نرخی کارتۆنێک هێلکەی سوور 70 هەزار دیناری تێپەڕاندووە لە کاتێکدا نرخی دیاریکراو لە نێوان 60 بۆ 65 هەزار دیناردایە.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت نووسراوی رەسمی ئاراستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی ئابووری کردووە بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران، هەروەها بڕیاردراوە ئاسانکاری تەواو بکرێت بۆ گواستنەوەی هێلکە لە نێوان پارێزگاکان بە تایبەتی گواستنەوەی بەرهەمی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە بازاڕەکاندا هەبێت و نرخەکان جێگیر ببنەوە و رێگری لە قۆرخکاری بازرگانان بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە هیچ پلانێک بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەک بۆ گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە و جەختی کردەوە کە واشنتن نیشانی داوە لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا جدی نییە و چەندین کردەوەی شەڕەنگێزانەی ئەنجامداوە و بەندەکانی رێککەوتنی ئاگرەبەستی پێشێل کردووە.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کە بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر دەربەندی هورمز دەبێتە هۆی تێکدانی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا و ئەو سەرچاوەیە جەختیشی کردەوە کە تواناکانی بەرگری ئێران لە نێویشیاندا بەرنامەی موشەکی بە هیچ شێوەیەک جێگەی وتووێژ و دانوستان نین.
وەزارەتی دەرەوەی چین نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر رێگری لێکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند کە رەوشی ناوچەی گەروی هورمز زۆر هەستیار و ئاڵۆزە و پێویستە هەلومەرجێکی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوامن و دوای کردنەوەی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، جارێکی دیکە گەروەکەی داخستەوە و رایگەیاند، "ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە". هەروەها ئەمریکاش بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کە باس لە بەردەوامی گەمارۆدانی گەروی هورمز دەکەن.
هاتوچۆی هەڵەبجە ئاگادارییەک بڵاودەکاتەوە و تیایدا داوا لە شۆفێران دەکات، ڤیدیۆی سەرپێچییەکان تۆمار بکەن و بۆیان بنێرن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، "هاوکارمانبن بۆ کەمکردنەوەی سەرپێچیەکانی هاتوچۆ و داواتان لێدەکەین کە هەر شۆفێرێک سەرپێچی رێنماییەکانی هاتوچۆی کرد، ڤیدیۆی سەرپێچییەکە تۆمار بکەن و بۆمان بنێرن بۆ ژمارە تەلەفونی 07771631988 لە واتسئەپ و ڤایبەر یاخود لەکاتی سەرپێچییەکەدا راستەوخۆ پەیوەندی بە هەمان ژمارەوە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان و پاراستنی سەلامەتی گشتی لە رێگای هاوکاری هاووڵاتییانەوەیە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشیدا، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەهەموو شێوەیەك ناو و ناونیشانی کەسەکە پارێزراو دەبێت و پێویستە ئەو سەرپێچیانەی کە تۆمار دەکرێن هیچ وتە و کردارێکی نەشیاوی لەگەڵدا نەبێت.
ئێران جەختدەكاتەوە لەوەی گەرووی هورمز رێڕەوێكی سەلامەت نییە و دەشڵێت: دەبێت بازاڕی نەوت بۆ هەمووان وەك یەك بێت، روسیاش هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی زیاتر داخستنی گەرووەكە.
محەمەد رەزا عارف جێگری سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، یان بازاڕی نەوت بۆ هەمووان دەبێت وەك یەك بێت، یان دەبێت هەمووان وەك یەك بەرپرسیارێتی تێچوو و مەترسییەكەی هەڵبگرن.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، لە ئێستادا گەرووی هورمز رێڕەوێكی سەلامەت نییە و سەقامگیری وزەی جیهانیش پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە فشارە ئابوریی و سەربازییەكانی سەر ئێران.
لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، ئەو قەیرانەی لە ئێستادا روودەدات و داخرانی بەردەوامی گەرووی هورمز هەڕەشەی جدی لەسەر یەكێتی ئەوروپا دروست دەكات و هەڵئاوسانی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
گۆستاڤۆ پێترۆ سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەسەر دانیال نۆبوا سەرۆکی ئیکوادۆر تۆمار دەکات بە تۆمەتی ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ باندەکانی ماددەی بێهۆشەکەر.
پێترۆ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە کە بڕیاری داوە رێکاری یاسایی بەرامبەر نۆبوا بگرێتە بەر دوای ئەوەی سەرۆکی ئیکوادۆر ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە پێترۆ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ شاری مانتا لە ساڵی 2025 لەگەڵ کەسانێکی نزیک لە سەرۆکی باندی ماددەی بێهۆشەکەری چۆنیرۆس کۆبووەتەوە.
نۆبوا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە پێترۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئیکوادۆر کۆبووەتەوە کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ فیتۆ هەیە کە سەرۆکی باندێکی مەترسیدارە بەڵام پێترۆ ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە لە کاتی سەردانەکەیدا سوپای ئیکوادۆر و پاسەوانە تایبەتەکان هاوەڵی بوون و دەتوانن لەژێر سوێنددا شایەدی بدەن.
سەرۆکی کۆڵۆمبیا جەختی کردەوە کە هیچ کەسێک بە ناوی فیتۆ ناناسێت و سەردانەکەی بۆ ئیکوادۆر تەنها بۆ بەشداریکردن بووە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەو وڵاتە هەروەها نۆبوای بەوە تۆمەتبار کرد کە کەوتووەتە ژێر کاریگەری درۆکانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی کۆڵۆمبیا کە خۆیان دەستیان لە بازرگانی ماددەی بێهۆشەکەردا هەیە
مەسعود پزشکیان و شەهباز شەریف لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و پزیشکیان واشنتنی بە "خیانەت لە دیپلۆماسی" و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار کرد.
سەرۆک کۆماری ئێران ستایشی هەوڵەکانی ئیسلام ئابادی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکەکەی لە بەرانبەر هەر سەرکێشییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل. پزشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، تاران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەرەپێ بدات، بەڵام بە مەرجێک دوور بێت لە دەستێوەردانی دەرەکی و ئەو وڵاتانەی دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
لای خۆیەوە، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان هاوڕای تاران بوو لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان و پزیشکیانی لە ئەنجامی دوواین راوێژە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاگادار کردەوە. شەریف ئاماژەی بەوە کرد، پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵە راستگۆیانەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەیی و لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسی هەماهەنگییەکانی ئێرانی کرد.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردەوە، ئیسلام ئاباد بە پشتیوانی هاوبەشەکانی پابەند دەبێت بە دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە، لە کاتێکدا تاران هۆشداری دەدات، هەر جۆرە هەڵەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا لێکەوتی مەترسیداری بۆ ئاسایشی جیهانی دەبێت.
هەزاران سەربازی ئەمریکی و فلیپینی دەستیان بە مانۆڕە سەربازییە ساڵانەکانیان کرد، کە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار هێزێکی سوپای ژاپۆنیش تێیدا بەشدارە.
ئەم مانۆڕانە مەشق و راهێنانی بە تەقەمەنی زیندوو دەکرێت لە ناوچەکانی باکووری فلیپین کە دەڕواننە سەر دەربەندی تایوان، هەروەها لەو ناوچانەی دەکەونە سەر دەریای چینی باشوور، کە ناوچەیەکی جێناکۆکە و بەردەوام گرژی لەنێوان هێزی دەریایی فلیپین و چین تێیدا روودەدات.
عەقید دێنس هێرناندێز، وتەبێژی هێزەکانی فلیپین رایگەیاند کە سوپای ژاپۆن بە1400 سەرباز بەشداری دەکات و موشەکی کروزی جۆری 88 بۆ نوقمکردنی کەشتییەک لە کەناراوەکانی "باوای" باکوور بەکاردەهێنێت.
کۆلۆنێل ڕۆبێرت بان، وتەبێژی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەم مانۆڕە نیشانەی "هاوپەیمانییەکی بەهێزە لەگەڵ فلیپین" و جەختی لە پابەندبوونی واشنتون کردەوە بۆ ناوچەیەکی ئازاد و کراوە لە زەریای هیندی و هێمن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر ژمارەی هێزە بەشداربووەکانی ئەمریکا نابێت.
ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە چین فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تایوان زیاد کردووە، ، فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی فلیپین پێشتر هۆشداری دابوو کە بەهۆی نزیکی وڵاتەکەی لە تایوان، هەر جەنگێک لەو ناوچەیەدا رووبدات، فلیپین بەبێ ویستی خۆی پەلکێشی ناو ململانێکان دەکرێت، مارکۆس رێککەوتنامەی بەرگری هاوبەشی ساڵی 1951ی نێوان مانیلا و واشنتون بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت.
رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم بڵاویکردوەتەوە، ئێران رەزامەندی دەربڕیوە بە رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بە وڵاتێکی تر، بەڵام ئەو وڵاتە ئەمریکا نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە راپۆرتێکی رۆژنامە ئیسرائیلیەکەدا هاتووە، ئێران بە مەرجی رادەستکردنی یۆرانیوەمە پیتێندراوەکەی رازی بووە، بەڵام نایەویت رادەستی ئەمریکای بکات.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێدەچێت یەکێک لە ناکۆکییە گەورەکانی نێوان لایەنەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام هێشتا ئێران هیچ نیشانەیەکی ئامادەیی نیشان نەداوە بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامەی موشەکی بالیستیکی خۆی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئەم نەرمی نواندنەی ئێران بەردەوام بێت، رەنگە ئەمریکا ماوەی ئاگربەست درێژ بکاتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا، دەستگیرکردنی ژنێکیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆس ئەنجلوس راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە گرێبەستی نایاسایی فرۆشتنی چەک بۆ ئێران، ژنەکە بە نەتەوە ئێرانییە و تەمەنی 44 ساڵە.
داواکاری گشتی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ژنێکی ئێرانی تەمەن 44 ساڵ بە ناوی شەمیم مافی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆس ئەنجلوس دەستگیرکرا، ئەوەش بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گرێبەستی نایاسایی چەک بۆ بەرژەوەندی ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەو ژنە تۆمەتبارە بەوەی لە رێگەی کۆمپانیایەکی تۆمارکراو لە وڵاتی عومان، هەستاوە بە رێکخستنی چەندین گرێبەستی فرۆشتنی درۆن، بۆمب و ملیۆنان فیشەک بە وڵاتی سودان.
یەکێک لە گرێبەستە دیارەکان بڕی 70 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و تایبەت بووە بە کڕینی درۆنی جۆری (مۆهاجیر-6) و کەرەستە سەربازییە پەیوەندیدارەکان.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ژنە، لە ساڵی 2016وە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەمریکای هەیە، لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025 پەیوەندی بە وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە هەبووە، بەڵام ناوبراو لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکاندا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردوەتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە لە روداوێکی تەقەکردندا، لە ئەمریکا هەشت منداڵ کوژران، پۆلیسی شاری شریڤپۆرت دەڵێت؛ لە کاتی روبەڕوبوەنوەدا ئەو کەسی تەقەی کردوە کوژراوە.
پۆلیسی شاری شریڤپۆرتیش لە ویلایەتی لویزیانار بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە تەقەکردنێکی هەڕەمەکیدا، هەشت منداڵ کوژراون، کە تەمەنیان لە نێوان یەک بۆ 14 ساڵدایە.
بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی، تاوانبارەکە دوای تەقەکردنەکە ئۆتۆمبێلێکی برداوە و لە شوێنی روداوەکە هەڵاتووە، بەڵام لە روبەڕوبونەوەی لەگەڵ پۆلیسدا کوژراوە.
پۆلیسی ویلایەتەکە، تا ئێستا وردەکاری زیاتری لەبارەی ناسنامەی تەقەکەرەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردوە، رەنگە روداوەکە پەیوەندی بە کێشەی خێزانییەوە هەبێت، چونکە ژمارەیەک لەو منداڵانەی کوژراون کەسوکاری تاوانبارەکەن.