هەمەڕەنگ

بەهۆی تابلۆکانی بەرازەکەیەوە ژنێك دەوڵەمەند دەبێت

 

جەوان لێفسۆن لە باشووری ئەفریقا بەهۆی ئەو تابلۆیانەوە کە بەرازەکەی دەیانکێشێت پارەیەکی زۆری دەستکەوتووە.

دوایین کاری بەرازەکە کە ناوی "پیگکاسۆ"یە لە مەزادێکدا بە 20 هەزار دۆلار فرۆشراوە و بەمەش بووە بە گرانترین تابلۆی ئەو بەرازە، کە ژمارەی پێوانەیی شامپانزیی کۆنگۆی شکاندووە کە لە ساڵی 2005دا تابلۆیەکی بە 19 هەزار دۆلار فرۆشرا.

جوان چەند ساڵێك بەر لە ئێستا ئەو بەرازەی لە سەربڕین رزگار کردووە، رۆژێك بیری چووە فڵچە و تابلۆکەی لەناو کێڵگەکە هەڵبگرێت، دواتر کە هاتووەتەوە بۆی دەرکەوتووە کە ئاژەڵە ماڵییەکەی ئارەزووی وێنە کێشان دەکات.

لەو کاتەوە ئەو بەرازە بە هاوکاری خاوەنەکەی وێنە دەکێشێت و ئەویش وێنەکان دەفرۆشێت.