هەمەڕەنگ

رۆمانێکی نوێی گابرێل گارسییا مارکێز بڵاودەکرێتەوە

دەنگۆی هەبوونی شاکارێکی بڵاونەکراوەی گابریل گارسییا مارکێز، رۆماننووسی کۆڵۆمبی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات، بەردەوام لەئارادابوو و جارجارە لە ناوەند و کۆڕی ئەدەبی و وتارە ئەدەبییەکاندا باسی لێوەدەکرا، هەندێک کەس ئەو دەنگۆیانەیان رەتدەکردەوە و هەندێکیش بە پەرۆشەوە لە چاوەڕوانیی خوێندنەوەیدا بوون، لە کۆتاییدا رۆژی هەینی، 28ی نیسانی 2023، دەزگای چاپی "پەنگوین راندۆم هاوس" لە راگەیەندراوێکدا مژدەی بڵاوکردنەوەی رۆمانەکەی بە خوێنەران گەیاند.

دەزگای چاپی پەنگوین راندۆم هاوس رایگەیاند: رۆمانی (En Agosto Nos Vemos) "لە مانگی ئابدا یەکتر دەبینینەوە" لە ساڵی 2024 جگە لە مەکسیک، لە تەواوی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا بۆ یادی 10 ساڵەی کۆچیدوایی رۆماننووسە کۆڵۆمبییەکە بڵاودەکرێتەوە.

ئەم رۆمانەی مارکێز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999، کاتێک رۆماننووسە کۆڵۆمبییەکە چیرۆکێکی درێژی بێناونیشان لە گۆڤاری کامبیۆی کۆڵۆمبیدا بڵاودەکاتەوە، چیرۆکەکە باس لە ئانا ماجدالینا باخ دەکات، کە کچێکی پێگەیشتووە و بۆ مەبەستی دانانی گوڵ لەسەر گۆڕی دایکی سەردانی دورگەیەک دەکات، ئەمەش بەشی یەکەمی ئەو رۆمانە بڵاونەکراوەیەیە، کە مارکێز کاری لەسەرکردووە، بەڵام دوای کۆچیدوایی نووسەر لە ساڵی 2014دا، خێزانەکەی وای بە باش دەزانێت ئەم بەرهەمە تەواونەکراوە بڵاونەکرێتەوە.

رۆمانەکە پێنج بەشە و نزیکەی 150 لاپەڕەیە، چەندین ساڵە لە زانکۆی تەکساس لەلایەن ناوەندی هاری رانسۆمەوە پارێزگاری لێکراوە.

جایمی ئابیلۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی (گابۆ) لەوبارەیەوە رایگەیاند: " هەتا ئێستا دوو منداڵەکەی لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بەرهەمەکە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دیارە دوای خوێندنەوەی دەستنووسەکە بۆچوونیان گۆڕابێت".

رۆدریگۆ و گۆنزالۆ گارسییا بارشا، دوو منداڵەکەی مارکیز رۆژی هەینی لە لێدوانێکدا ئاماژەیان بەوەکرد؛ ناکرێت ئەم دەستنووسە رووناکی نەبینێت و لە چاوی کۆڵۆمبیا و جیهان بەدوور بگیرێت.

گابرێل گارسییا مارکێز لە ساڵی 1927 لە شآری ئاراکاتاکا لە باکووری کۆڵۆمبیا لەدایکبووە، لە جیهاندا بە یەکێک لە شاکارنووسانی ئەدەب دادەنرێت، پەیمانگای سێرڤانتێس دەڵێت: لە نووسەرانی ئیسپانیزمانی جیهاندا، مارکیز لە سەرەتای سەدەی 21ەوە زۆرترین وەرگێڕان بۆ ئیشەکانی کراوە و پێش ئیزابێل ئەلەندی چیللی و خۆرخێ لیوس بۆرخێسی ئەرژەنتینی و ماریۆ ڤارگاس یۆسای پیرۆیی کەوتووە.

مارکیز لە 17ی نیسانی ساڵی 2014دا، لە مەکسیکۆ سیتیی پایتەختی مەکسیک کۆچیدوایی کرد.