هەمەڕەنگ

ساڵانە ١٠٠ هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگی نەورۆز ڕوو لە پارێزگای سلێمانی دەکەن

لە شاری سلێمانی سەنتەری زانیاری گەشتیاری بۆ پێدانی پڕوشەر و نەخشەی گەشتیاری بە گەشتیاران دەکرێتەوە .

داسیار محەمەد،  بەرێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشت وگوزاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە کەناڵی " کوردسات نیوز"ی ڕاگەیاند، بە ڕێوبەرایەتیەکەیان ماوەی سێ ڕۆژە لەبەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی سەنتەری زانیاری و گەشتیاریان کردۆتەوە، ئەم سەنتەرە پروشەر و نەخشەی گەشتیاری پێشکەش بەو گەشتیارانە دەکات کە ڕوویان لە شارەکە کردووە .

ئاماژەی بەوەکرد، سەنتەرەکە ڕێبەری گەشتیاری بە چوار زمان  بە گەشتیاران دەبەخشێت ،ڕێبەرەکە زانیاری تەواوی لەسەر ناوچە گەشتیارییەکان و ژمارە فەلەفۆنی پێویستی لەخۆگرتووە، لە سەیرانگاکانیش بەسەر گەشتیاراندا دابەشکراوە .

لەبارەی ژمارەی گەشتیارانەوە وتی ، بەڕێوەبەرایەتی گەشت وگوزاری سلێمانی ساڵانە لە ١٨ تا ٢٨ی ئازار ژمارەی گەشتیاران بۆ ئاهەنگی نەورۆز کۆدەکاتەوە، بەڵام ساڵانە جگە لە پار ساڵ کە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی گەشتیار سفر بووە زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار بۆ بەشداری ئاهەنگی نەورۆز ڕوو لە پارێزگای سلێمانی دەکەن .


بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشت وگوزاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ساڵ بەشێکی زۆری ئەو گەشتیارانەی ڕوویان لە پارێزگای سلێمانی کردووە لە ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە هاتوون و بەهۆی کۆرۆناوە وەك ساڵانی تر گەشتیار لە وڵاتانی دراوسێی عیراقەوە ڕویان لە پارێزگاکە نەکردووە .