تەندروستی

دەمامکێک کە بۆ قسەکردن و تێگەیشتنی بەرامبەرەکەت ئاسانترە

پێگەی "هێڵس" شێوازێکی نوێی دەمامکی بڵاوکردۆتەوە کە بە جۆرێک دروست کراوە لە کاتی قسەکردندا بەرامبەرەکەت ئاسانتر لێت تێ دەگات

ئەگەرچی لە ئێستادا دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا تا ڕادەیەک مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای کەمکردۆتەوە و هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لەو وڵاتانەدا بەڕێوە دەچێت کە ڤاکسینەکەیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام بە گشتی لە تەواوی جیهاندا ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڕێژەی جیاواز بەردەوامە هەر لە بەستنی دەمامک، گرنگیدان بە دەست شتن و دوورکەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکان و تەنانەت کەرەنتین و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە لایەن حکومەتەوە

لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا زۆر شێوازی جیاواز لە دروستکردنی دەمامک دا تاقیکراوەتەوە تەنانەت دیزاین و داهێنانی زۆر جوان و جیاوازی تێدا کراوە

بەڵام لە ئێستادا جۆرێکی نوێی دەمامک دروستکراوە کە ئاستی دەمی کەسەکە بە ڕوونی دیارە و کاتێک قسەت بۆ دەکات شێوازی جوڵانی لێوەکانی دەبینیت ئەمەش وا دەکات ئاسانتر لە بەرامبەرەکەت تێ بگەیت بێ ئەوەی ناچاربێت دەمامکەکەی لاببات