تەندروستی

کۆرۆنا کودەتا بەسەر ئەنفلۆنزادا دەکات

بەگوێرەی داتا پزیشكییەكان، لە سەردەمی كۆرۆنادا، توشبونی خەڵك بە ئەنفلۆنزای ئاسایی زۆر كەمبۆتەوە، بەجۆرێك 130 ساڵە دۆخێکی لەو جۆرە دروست نەبووە .

لەوبارەیەوە رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویكردوەتەوە، لە ماوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێدا، ئەنفلۆنزای ئاسایی ئەوەندە كەم بڵاوبۆتەوە، كە 130 ساڵە بەو شێوەیە نەبووە .

كەمی ژمارەی توشبوان بە ئەنفلۆنزای ئاسایی تەنها پەیوەندی بە بەریتانیاوە نییە، بەڵكو لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەكە كەمبووەتەوە .

لە راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكەدا، ئاماژە بە وتەی پسپۆڕانی تەندروستی كراوە و وتویانە، لە بەریتانیا رێژەی توشبون بە ئەنفلۆنزای ئاسایی وەرزیی 95% كەمیكردوە، ئەوەش چەندین ساڵە روینەداوە .

هەروەها ئەوەش رونكراوەتەوە، لە هەفتەی دووەمی مانگی 1ی ئەمساڵدا، كە خراپترین ماوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی وەرزییە، ژمارەی توشبوانی ئەنفلۆنزا زۆر كەمبۆتەوە بە جۆرێك گەیشتوەتە 1.1 كەس لە 100 هەزار كەس. لەكاتێكدا پێنج ساڵ لەمەوبەر دەگەیشتە 27 كەس .

سەبارەت بەو پێشهاتە نوێیە، جۆن ماكولی بەڕێوەبەری سەنتەری هاریكاری بۆ توێژینەوەی ئەنفلۆنزا لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەكردوە، بەریتانیا لە ساڵی 1888ەوە كەمبونەوەی بەو شێوەیەی لە توشبوانی ئەنفلۆنزای ئاسایی بەخۆیەوە نەبینیوە .

هەروەك سیمۆن دو لوزینیان توێژەر و مامۆستا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد وتویەتی " ئەنفلۆنزای وەرزی لەم ماوەیەی رابردودا بەرەو نەمانی تەواو دەچێت ".

لەكاتی ئاساییدا، لە بەریتانیا هەزاران كەس بەهۆی توشبون بە ئەنفلۆنزای ئاسایی لە هەفتەی دووەمی مانگی کانونی دووەم دا دەچنە نەخۆشخانەكان، بەڵام لە ماوەی رابردودا ژمارەكە گەیشتوەتە سفر .

پسپۆڕانی بواری تەندروستی پێیانوایە ئەو پاشەكشێ گەورەیەی ئەنفلۆنزای ئاسایی رەنگە پەیوەندی بە بونی پەتای كۆرۆناوە هەبێت، چونكە مرۆڤەكان زیاتر خۆپارێزی دەكەن و خۆیان لە زۆر شت دەپارێزن .