تەندروستی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی : تا ئێستا هیچ ڤاکسینێك بەردەست نییە

کێبڕکێی وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسین دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامی هەیە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا هیچ ڤاکسینێك بەردەست نییە .

لە چەند ڕۆژی رابدرودا وڵاتی ڕوسیا یەکەم ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد رایگەیاند کە ڤاکسینەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دا بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بەردەست دەبێت بەڵام رەنا ئەلحەجە، بەرپرسی پڕۆگرامەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ ڤاکسینێك بەردەست نییە کە مەرجەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدابێت .

ئاماژەی بەوەشکردووە چاوەڕوانن لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دا جیهان ڤاکسینێکی گونجاو بەرهەمبێنێت تا لە ساڵی ٢٠٢١ دا بۆ خەڵک بەردەستبێت و بتوانن بەکاریبێنن.

تا ئێستا ١٣٨ ڤاکسین لەسەرانسەری جیهاندا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدان لەسەر ئاژەڵ ٢٩ ڤاکسینیان لەسەر مرۆڤ تاقیکراوەوەتە لەو ژمارەیە ٩ ڤاکسینیان لە قۆناغی دووەم و سێیەمی تاقیکردنەوەدان .

لەماوەی ڕابردوشدا کۆمپانیای " مۆدێرنا"ی ئەمریکی کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایە ڕیگەیاند نرخی هەر ڤاکسینێك لەنێوان ٣٢ بۆ ٣٧ دۆلاردا دەبێت و بەبڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار گرێبەست پێشکەشی کۆمپانیاکە کراوە بۆ کڕینی ڤاکسینەکە .