تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای سامسۆنگ کۆتایهاتنی مۆبایلە هۆشمەندە نوێیەکەی ڕاگەیاند

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی "ئیندیپێندنت"، کۆمپانیای سامسۆنگ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەرهەمهێنانی مۆبایلە هۆشمەندە نوێیەکەی ڕاگەیاندووە کە توانای چەمانەوەی هەیە لە باری ئاسۆیدا و سیستمی نەوەی پێنجەمی تۆڕی پەیوەندیەکانی لەسەرە بە ناوی "Galaxy Z Flip 5G" .

مۆبایلە نوێکەی سامسۆنگ نەوەیەکی دیکەی مۆبایلی جۆری "گالاکسی زی فلیپ"ە بەڵام چەندین تایبەتمەندی نوێی بۆ زیاد کراوە لەوانە ئامێری ڕادیۆیی تۆڕی نەوەی پێنجەم و پڕۆسێسەری کارا و چالاکتر کە ڕاپەڕاندنی کارەکانی سیستمی ئامێرەکە خێراتر دەکات، هەروەها پلاتفۆڕمی مۆبایلەکە لە جۆری "سناپدراگۆن ٨٦٥ بڵەس"ە لە کاتێکدا پێشتر پلاتفۆڕمی جۆری "کواڵکۆم سناپدراگۆن ٨٥٥ پڵەس" بەکاردەهات لە بەرهەمەکانی گالاکسیدا.

لە پاڵ ئەوانەشدا کۆمپانیاکە چەندین نوێکاری تری لە شاشەی مۆبایلەکە و شێوازی ڕێکخستنی پڕۆگرامەکان ئەنجامداوە بە جۆرێک کە لە ئێستادا لاپەڕەی سەرەکی سکرینی مۆبایلەکە دابەشدەبێت بۆ چەند چوارگۆشەیەک کە پڕۆگرامەکان لەخۆدەگڕێت و بەمەش بەکارهێنەر دەتوانێت لە یەک کاتدا چەند ئەپڵیکەشنێک ببینێت و تەواوی قەبارەی شاشەکە بەکاربهێنێت.

لە کۆتایشدا، کۆمپانیاکە پڕۆگرامی یوتیوبی بە شێوازێکی جیاواز لەسەر مۆبایلە نوێکە چەسپاندووە کە لە باری نوشتاندنەوەی مۆبایلەکە بەشی سەرەوەی بە تەواوی دەبێت بە شاشە و بەشی خوارەوەی مۆبایلەکە کە هەڵبژاردنەکانی پڕۆگرامەکە و گەورەکەری دەنگ لەخۆدەگرێت، دەبێت بە ڕاگرێک بۆ بەشی سەرەوەی