تەکنەلۆژیا

کەشتی ئاسمانی "أمل"ی وڵاتی ئیماڕات گەشتەکەی بۆ مەریخ دەستپێکرد

لە کۆتایدا کەشتی ئاسمانی "أمل"ی وڵاتی ئیماڕات لە دوای ٥ ڕۆژ دواکەوتن بەهۆی خراپی باری کەشوهەواوە، گەشتەکەی بۆ هەسارەی مەریخ دەستپێکرد.

لە ڕووداوێکی مێژوویدا بە تایبەت لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی، ئەمڕۆ دووشەممە وڵاتی ئیماڕات یەکەمین کەشتی ئاسمانی خۆی لە وێستگەیەکی ڕۆکێتی وڵاتی ژاپۆنەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتێک بەرەو هەسارەی مەریخ کە پێشبینی دەکرێت گەشتەکە ماوەی ٧ مانگ بخایەنێت.

گەشتەکەی کەشتی ئاسمانی "أمل" لە ناوەندی ئاسمانی "تانیگاشیما"ی ژاپۆنەوە لە سەعات ٨:٥٨ دەقەی سەرلەبەیانی لەلایەن کۆمپانیای "میتسوبیشی" تایبەت بە پیشەسازی ئامێرە گەورەکان و دابینکەری ڕۆکێتی جۆری "H-IIA"یەوە ئەنجامدرا و لە ڕێگەی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆوە بۆ ناوەندی توێژینەوەکانی بۆشایی ئاسمان لە دوبەی گوازراوەتەوە و هاووڵاتیانی ئیماڕاتیش بە پەرۆشی و سەرسوڕمانێکی زۆرەوە بینەری ئەم ڕووداوە لەبیرنەکراوە بوون