تەکنەلۆژیا

گەشتێکی نوێ بەرەو خۆر لەوانەیە نهێنی خەرمانە ئاگرینەکەی ئاشکرا بکات

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "ئیندیپێندنت" ، زاناکان لێکۆڵینەوەیان لە چەند وێنەیەکی ئەستێرەی خۆر کردووە کە لە نزیکترین خاڵەوە گیراوە لە مێژووی گەشتە ئاسمانییەکاندا و تێبینی چەند تەنێکی پرشنگدار و درەوشاوەیان کردووە لەسەر ڕووی ئەستێرەکە

زانیارییە نوێیەکان لە کەشتی ئاسمانی "Solar Orbiter"ەوە کە بە واتای خولگەی خۆر دێت، بە دەست شارەزایانی بواری ئەستێرەناسی گەیشتووە. کەشتیە ئاسمانییەکە لە مانگی شوباتدا ڕەوانەی ئاسمان کراوە و لە ئێستادا لە خۆرەوە نزیکترە بەراورد بە هەسارەی عەتارد، هەروەها وێنەکانی لە مەودای نێوان زەوی و خۆر چرکاندووە لە دووری ٧٧ ملیۆن کیلۆمەترەوە لە ئەستێرەکە.

لە هەواڵەکەشدا هاتووە، کە پێدەچێت ئەو تەنە ڕووناکیدەر و گڕدارانەی سەر ڕووی ئەستێرەکە نهێنی خەرمانە ئاگرینە گەرمەکەی دەوری خۆر کە لە گەردوونزانی و زانستی فیزیایی خۆردا بە جامی پیرۆز ناسراوە، ئاشکرا بکات.

جێی ئاماژەیە، خەرمانەی خۆر کۆتا چینی دەرەوەی ڕووبەری ڕووی ئەستێرەکەیە کە گەرمی و ڕووناکییەکەی بۆ مەودای ملیۆنان کیلۆمەتر لە بۆشایی ئاسماندا پەرش دەبێتەوە و پلەی گەرمیەکەشی دەگاتە زیاتر لە ١ ملیۆن پلەی سیلیزی لە کاتێکدا ڕووبەری ڕووی خۆر بە ٥٥٠٠ پلەی سیلیزی مەزەندە کراوە