چێنه‌ر عه‌لی جۆڵا: پێشێلكردنی ده‌ستوور عێراق روبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه
ئه‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ی پاش هه‌ڵبژاردنی 7/3 رووبه‌ڕووی عیراق بووه‌ته‌وه، به‌رده‌وامه‌و دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ دوو هه‌فته‌ی تر، هێنده‌یتر قه‌یرانه‌كه‌ی قوڵتر كرده‌وه، ته‌نانه‌ت پابه‌ند نه‌بوونی هێزه سیاسییه‌كان به‌واده دیاریكراوه‌كانی ناو ده‌ستووره‌وه به‌مانای پێشێلكردنی ده‌ستوور دێت، به‌م جۆره جگه له‌قه‌یرانی سیاسی ئێستا عیراق له‌قه‌یرانی ده‌ستووریی و یاساییشدایه. پارێزه‌رو چاودێری سیاسی چێنه‌ر عه‌لی جۆلا له‌م دیداره‌دا له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی پابه‌ند نه‌بوونی هێزه سیاسییه‌كانی عیراق به‌ماوه ده‌ستوورییه‌كان و بارودۆخی سیاسی عیراق به‌گشتیی بۆ كوردستانى نوێ ده‌دوێت.
*دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ دوو هه‌فته، ده‌ستوورییه یان پێشێلكردنی ده‌ستووره؟ -سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌ماده‌ی (54)ی ده‌ستووری عیراقدا باس له‌ڕێوشوێنه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی تازه‌ی پاش هه‌ڵبژاردن كراوه، له‌ماده‌ی (54)دا سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی باس ده‌كات، یه‌كه‌میان ده‌بێت سه‌رۆك كۆمار به‌بانگێشتێكی ره‌سمی په‌رله‌مان بانگ بكات بۆ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه كه به‌مه‌رسومێكی كۆماری ده‌بێت، دووه‌میش كۆبوونه‌وه‌كه به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ك بینیمان ئه‌م دوو هه‌نگاوه نران. سێیه‌م ده‌بێ له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دوو جێگر هه‌ڵبژێردرێن كه ئه‌مه‌یان نه‌كرا. له‌ماده‌ی (55)ی ده‌ستووری عیراقدا جارێكی‌تر باسكراوه كه له‌یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا ده‌بێت سه‌رۆكێك و دوو جێگر هه‌ڵبژێردرێن. دیاره هه‌ڵنه‌بژاردنی سه‌رۆك و دوو جێگره‌كه گرێدراوی مه‌سه‌له سیاسییه‌كانه، چونكه هه‌موومان ده‌زانین مه‌سه‌له‌ی ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت له‌عیراقدا به‌جۆرێكه كه رێككه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر هه‌ر سێ پۆسته‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت پێكه‌وه ده‌كرێت. بۆیه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی بوو ئه‌گه‌رنا له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه به‌ڕای من پێموایه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌و له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌وه پێشێلی ئه‌و خاڵه‌ی ده‌ستوور كرا، كه ده‌بوایه سه‌رۆكێك و دوو جێگر هه‌ڵبژێرێت. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر بیانووی ئه‌وه‌ی بۆ بهێنرێته‌وه كه دانیشتنه‌كه دانیشتنێكی ته‌شریفاتی بووه، ده‌بێت له‌ڕووی یاسایشه‌وه ئه‌و وه‌ڵامه‌ش بده‌نه‌وه كه هێشتنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌كراوه‌یی پشت به چ بنه‌مایه‌كی یاسایی ده‌به‌ستێت له‌هه‌مانكاتیشدا واده‌ی به‌كراوه‌یی هێشتنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه چه‌نده، چونكه له‌بیرمان نه‌چێت په‌رله‌مان له‌عیراقدا یه‌كێكه له‌ده‌سه‌ڵاته گرنگه‌كان و ته‌واوی داموده‌زگاكانیتر گرێدراوی په‌رله‌مانن و ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌ژیانی خه‌ڵك و ده‌ركردنی یاسا‌و به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێكانه‌وه هه‌یه، بۆیه ناكرێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مان تاواده‌یه‌كی نادیار بهێڵدرێته‌وه، من پێموانییه ئه‌مه بنه‌مایه‌كی یاسایی روونی هه‌بێت. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره یاساییه دێته پێشه‌وه، مه‌به‌ست له‌هێشتنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌كراوه‌یی واتای چییه‌و واده‌كه‌ی تا كه‌یه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر تاماوه‌یه‌كی زۆر نه‌كرا ئایا له‌ڕووی یاساییه‌وه په‌رله‌مان چ وه‌ڵامێكی ئه‌و بابه‌ته ده‌داته‌وه.
پابه‌ند نه‌بوون به‌واده ده‌ستوورییه‌كانه‌وه *كاریگه‌رییه سلبییه‌كانی ئه‌م دواخستنه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی عیراق چین؟ -له‌ڕاستیدا یه‌كێك له‌خاڵه پۆزه‌تیڤه‌كانی ده‌ستوور بۆ خزمه‌تكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌وه‌دایه كه ماوه ده‌ستوورییه‌كانی دیاریكردووه، ده‌بێ پابه‌ندبوون هه‌بێت به‌و ماوه ده‌ستووریانه‌وه، چونكه ناكرێت وڵات له بۆشاییه‌كی سیاسی‌دا بهێڵدرێته‌وه، پابه‌ند نه‌بوون به‌م رێوشوێنه ده‌ستووریانه‌وه واده‌كات هێزه سیاسییه‌كان خه‌مساردبن له پێكهێنانی حكومه‌ت و له دروستكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كاندا، بۆیه ئه‌مه زه‌مینه‌یه‌كی زۆر خراپ ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كان ته‌نازول نه‌كه‌ن بۆ یه‌كتری و توافوق نه‌كه‌ن و خه‌مساردی بنوێنن له‌دروستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌كاندا. حیكمه‌ت هه‌یه له‌وه‌دا كه ده‌ستووردانه‌ر له ده‌ستووردا ماوه ده‌ستوورییه‌كانی دیاریكردووه. بۆ نموونه له‌ماوه‌ی (15) رۆژ پاش په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه كۆتاییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگای بالای فیدرالییه‌وه، سه‌رۆك كۆمار به‌مه‌رسومێك بانگێشتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات. له‌هه‌نگاوی دووه‌مدا له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا ده‌بێت سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوو جێگره‌كه‌ی هه‌ڵبژێردرێن، هه‌نگاوی سێیه‌م ده‌بێت له‌ماوه‌ی (30) رۆژدا په‌رله‌مانی تازه‌ی هه‌ڵبژێردراو به‌دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرێت، قۆناغی چواره‌م سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراو له‌ماوه‌ی (15) رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونیدا داوا له كه‌سێك ده‌كات كه ده‌پاڵێورێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، كه ده‌بێت له‌ماوه‌ی (30) رۆژدا پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بخاته به‌رده‌م په‌رله‌مان، یاخود بێته‌وه بڵێت من نه‌متوانی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبێنم. ئه‌وكاته له‌ماوه‌ی (15) رۆژی تردا سه‌رۆك كۆمار داوا له كه‌سێكی تر ده‌كات بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت. ئه‌مانه زنجیره‌ی هه‌نگاوه‌كانن بۆ دروستكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌لاته‌كان له‌عیراقدا. بۆیه ئه‌م ماوه ده‌ستووریانه‌ش دانراوه بۆئه‌وه‌ی پابه‌ندییه‌ك دروست بكه‌ن كه ئه‌و دامه‌زراوانه له‌لایه‌ك نوێكارییان تێدا دروست ببێت و له‌لایه‌كی تر ده‌ستاو ده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات دروستبێت، حكومه‌تێك به‌بیانووی نه‌بوونی رێككه‌وتنی سیاسییه‌وه درێژه به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی نه‌دات. بۆیه دانانی ئه‌و ماوه ده‌ستووریانه بنه‌مایه‌كی گرنگه كه زه‌مینه ده‌ڕه‌خسێنێ بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك له‌ماده‌ی یه‌كی ده‌ستووری عیراقدا باسكراوه‌و ده‌ڵێ نیزامی حوكم له عیراقدا دیموكراسییه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئاشتیانه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان. بۆیه من پێموایه كارێكی زۆر زۆر خراپه هه‌ر له‌ئێستاوه‌و له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ستووریدا هێزه سیاسییه‌كانی عیراق نه‌گه‌نه رێككه‌وتن و ببنه هۆكارێك بۆ پێشێلكردنی ده‌ستووری عیراق، من پێموایه ئه‌مه وه‌رچه‌رخانێكی مه‌ترسیداره له‌مێژووی عیراقدا، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و ماده‌یه‌ی ده‌ستوور پێشێلكرا سبه‌ینێ ماده‌كانی تریش زه‌مینه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێ تاپێشێل بكرێن.
له قه‌یرانی سیاسییه‌وه بۆ یاسایی *ده‌كرێ بڵێین ئێستا عیراق جگه‌له‌وه‌ی له‌قه‌یرانێكی سیاسیدایه، له‌قه‌یرانێكی ده‌ستووری و یاساییشدایه؟ -به‌دڵنیاییه‌وه، ده‌رگایه‌كی زۆر خراپیش ده‌كرێته‌وه، ئه‌ویش ده‌رگای پێشێلكردنی ده‌ستووره. بیرمان نه‌چێت ده‌ستووریش باڵاترین سیستمی یاساییه له وڵات‌دا، ده‌ستوور مه‌رجه‌عه بۆ داموده‌زگاكان و سه‌رچاوه‌ی یاساكانه، بۆیه پێشێلكردنی باڵاترین پێكهاته‌ی یاسایی له وڵات‌دا كه ده‌ستووره ئه‌مه جگه له‌ڕووه سیاسییه‌كه‌ی له‌ڕووه ده‌ستوورییه‌كه‌وه ده‌رگایه‌كی زۆر خراپ له مێژووی عیراقدا ده‌كاته‌وه، له قۆناغه‌كانی پێشتری عیراقدا چ له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی و كۆماری‌دا ئه‌و ده‌ستوورانه‌ی كه هه‌بوون، هه‌میشه ئێمه گله‌یی و ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌مان گرتووه كه ئه‌و ده‌ستوورانه نه‌یانتوانیوه شوێنی خۆیان بگرن‌و به‌مانای ده‌ستوور، ده‌ستوور نه‌بووه، یه‌كێك له‌بنه‌ما تازه‌كانی عیراقی نوێ بریتییه له به‌ده‌ستوریكردنی داموده‌زگاكانی عیراق و پاراستنی مافی هاووڵاتیان و رێكخستنی ماف و ئه‌ركیان له‌ڕێی ده‌ستووره‌وه، رێكخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌ك یاسادانان، جێبه‌جێكردن و ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ریی له‌ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه. پاراستنی سیستمی دیموكراسی و دروستكردنی وڵاتێكی فیدراڵی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌نێوان مه‌ركه‌زو هه‌رێم و پارێزگاكان، رێكخستنی لایه‌نی ئابووری كه بریتییه له‌به‌ڕێوه‌بردنی سامانه نیشتمانییه‌كان و مه‌سه‌له‌ی میزانییه‌و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی تر كه له ده‌ستووردا باسكراون، پێموایه هه‌موو ئه‌وانه گرێدراون به‌ڕێزگرتن له ده‌ستوور، ماده‌كانی ده‌ستووریش وه‌ك زنجیره‌یه‌ك پێكه‌وه گرێدراون ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ماده‌یه‌كی پێشێلكرا زه‌مینه ده‌ڕه‌خسێ بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ مافی هاووڵاتیانیش پێشێل بكرێ، له‌به‌رئه‌وه پێشێلكردنی ده‌ستوور عیراق دووچاری چاره‌نووسێكی مه‌ترسیدار ده‌كاته‌وه كه‌زۆر قورستر‌و گه‌وره‌ترو كاریگه‌رتره له‌و بۆشاییه سیاسیه‌ی كه ئێستا مه‌ترسی هه‌یه دروست ببێت.
ئاسۆی رێككه‌وتن روون نییه *لیسته براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر زیاتر له چوار مانگ نه‌یانتوانی بێت بگه‌نه رێككه‌وتن، پێتوایه به‌م دوو هه‌فته‌یه بتوانن بگه‌نه رێككه‌وتن بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان؟ -من پێموانییه ئاسۆی رێككه‌وتن له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا روون بێت، پێشموایه كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه ده‌بوایه له ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه ئه‌م لایه‌نانه ده‌ستیان به‌گفتوگۆ بكردایه. دیاره ئێستا عیراق رووبه‌ڕووی گرفتێكی تر بووه‌ته‌وه كه ئه‌ویش گرفتی ماده‌ی (76)ی ده‌ستووره، ئه‌م گرفته‌ش چوار گرێكوێره‌ی دروستكردووه‌و وردتر بڵێین چوار هه‌نگاوی سه‌ره‌كی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن شوێنی خۆی بگرێت. یه‌كه‌میان كێ مافی هه‌یه حكومه‌ت پێكبهێنێت؟ ئێستا له عیراقدا دوو ئاراسته هه‌یه، لیستی ئه‌لعیراقییه خۆی به‌خاوه‌ن ماف ده‌زانێت به‌وپێیه‌ی زۆرترین ژماره‌ی كورسی له هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام ته‌فسیرێكی دادگای باڵای فیدراڵیشمان هه‌یه كه ده‌ڵێ نه‌خێر ئه‌و كوتله‌یه‌ی له‌ناو په‌رله‌ماندا زۆرترین كورسی هه‌بێت، ئه‌و مافی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌یه.
یه‌كه‌م ده‌رگا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عیراق له‌م خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كێ مافی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌یه؟ دواجار قبوڵكردنی هێزه عیراقییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، چونكه تائێستا هه‌ردوو ئاراسته‌كه خۆیان به‌خاوه‌نی ماف ده‌زانن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت. گرێكوێره‌ی دووه‌م كێ حكومه‌ته‌كه وه‌رده‌گرێ؟ سێیه‌م به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه چییه؟ چواره‌م چۆن مامه‌ڵ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كات، بیرمان نه‌چێت مه‌سه‌له‌ی كورد‌و پێگه‌ی كورد به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌ماده‌ی (117)ی ده‌ستووردا دانی پێدانراوه وه‌ك هه‌رێمێكی فیدرالی، پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌و خاوه‌نی دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه. هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی زۆر به‌ڕێوه ده‌بات كه بریتین له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه تایبه‌تن به‌هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانی كه له‌ماده‌ی (114) پێی دراوه. بۆیه هه‌ر هێزێك بیر له په‌راوێزخستنی هه‌رێمی كوردستان و هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كان بكاته‌وه عیراق تووشی گرفت ده‌كات، چونكه هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌یه‌كی ده‌ستووری به‌هێزی هه‌یه‌و له‌ڕووی سیاسیشه‌وه كورد پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی عیراقه‌و رۆڵی هه‌بووه له پرۆسه‌ی ئازادی عیراق و بنیادنانه‌وه‌ی عیراقی نوێ و دانانی ده‌ستووریشدا، بۆیه ناكرێت كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی، كه واقیع سه‌لماندوویه‌تی عیراق پێكدێت له كورد‌و عه‌ره‌بی شیعه‌و سووننه، په‌راوێزبخرێت. چونكه جارێكی‌تر عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی كه هه‌موومان بینیمان كاتێك كه‌لایه‌نێك په‌راوێزخرا. خاڵێكیتر ئه‌وه‌یه كورد گرفتی بۆ لایه‌نه‌كانیتر دروستنه‌كردووه، بۆ نموونه كورد داوای پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی نه‌كردووه تا روبه‌ڕووی په‌راوێزخستن ببێته‌وه، به‌ڵكو داواكارییه‌كانی كورد روونن‌و ئه‌سته‌میش نین و هه‌ر هێزێك له‌و هێزانه‌ش قبوڵیانه. بیریشمان نه‌چێت فاكته‌ری ده‌ره‌كیش زۆر گرنگه كه‌جه‌خت له‌سه‌ر مه‌بده‌ئی شه‌راكه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌مریكاش پشتیوانی ئه‌وه ده‌كات كه‌ده‌بێت هه‌موو هێزه عیراقییه‌كان به‌شداری له‌پێكهێنانی حكومه‌ت بكه‌ن، كه‌واته زه‌مینه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه كه كورد به‌شداری پێبكرێت و په‌راوێز نه‌خرێت.
ده‌ستوورو واقیعی عیراق *كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی عیراقی رایگه‌یاندووه، ده‌بێت ده‌ستوور له‌گه‌ڵ واقیعدا بگونجێت، ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت به‌شێك له‌لایه‌نه عیراقییه‌كان ده‌یانه‌وێ چۆنیان بوێت به‌و جۆره ده‌ستوور ته‌فسیر بكه‌ن؟ -بۆ دانانی ده‌ستوور له‌عیراقدا سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی هه‌یه، یه‌كه‌م ره‌چاوكردنی مێژووی عیراق له‌ڕووی سیاسی ده‌ستوورییه‌وه. دووه‌م ره‌چاوكردنی واقیعی عیراق له‌ڕووی پێكهاته‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه. سێیه‌م دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی نوێ به‌و مانایه‌ی عیراق شه‌خسییه‌ته یاساییه‌كه‌ی پێشووتریی له‌ده‌ستداوه، شه‌خسییه‌تێكی یاسایی نوێی بۆ دروستده‌كرێت. چونكه پیش‌تر عیراق ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زیی بوو، له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه ئه‌و عیراقه نه‌ماو ئه‌مڕۆ عیراقێكی فیدرالی ئیتیحادی هاتۆته ئاراوه. ئه‌م سێ بنه‌مایه بنه‌مان بۆ دروستكردنی ده‌ستوور له عیراقدا، له‌ناو ده‌ستووری عیراقیشدا كۆمه‌ڵێك خاڵی زۆر گرنگ هه‌یه وه‌ك مه‌سه‌له‌ی دیموكراسی، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، مه‌سه‌له‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سامانه نیشتمانییه‌كان‌و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی سیاسی، چونكه ده‌ستوور له‌ئه‌ساسدا سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌یه. یه‌كه‌میان به‌رزترین سیستمی یاساییه له‌ولاتدا. دووه‌م دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات رێكده‌خات، یان وردتر بڵێین ژیانی سیاسی رێكده‌خات له‌ولاتدا. سێیه‌م مافی هاووڵاتیان ده‌پارێزێت وه‌كو ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی وڵات. سه‌باره‌ت به‌لێدوانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییه، من پێموایه ده‌ستووری عیراق ده‌ستوورێكه له‌گه‌ڵ واقیعدا گونجاوه‌و هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێ واقیعی عیراق فه‌رامۆش بكات و واقیعێكی تر بۆ عیراق دروست بكات، شكستێكی گه‌وره به‌عیراق دێنێت. ئه‌مڕۆ عیراق واقیعێكی هه‌یه ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان دانی پێدابنێن، هه‌ر كه‌سێك ئه‌م واقیعه‌ی عیراق ره‌چاو نه‌كات و دانی پێدانه‌نێت عیراق دروست نابێته‌وه‌و به‌ره‌و پێش ناچێت. ئه‌و واقیعانه‌ی له‌عیراقدا هه‌ن ئه‌مانه‌ن: یه‌كه‌م عیراق جارێكی‌تر سیستمی دیكتاتۆریی قبوڵناكاته‌وه. دووه‌م جارێكی‌تر عیراق سیستمێكی مه‌ركه‌زی قبوڵناكاته‌وه، چونكه هه‌موو ئه‌مانه تاقیكراونه‌ته‌وه‌و فه‌شه‌لیان هێناوه، به‌داخه‌وه ئێستا هه‌ندێك ئاراسته هه‌ن به‌ئاشكرا باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌بێت عیراق سیستمه‌كه‌ی مه‌ركه‌زی بێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌هێز بێت، ئه‌م ئاراستانه هه‌ڵه‌ن، به‌ڵكو عیراقی نوێ ده‌بێ بنه‌ماكه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بێت له‌نێوان مه‌ركه‌زو هه‌رێم و پارێزگاكاندا. واقیعی سێیه‌م ئه‌وه‌یه داموده‌زگای سه‌ربازی نابێت وه‌ك جاری پێشوو دروست بكرێته‌وه، له ده‌ستووردا باس له‌بنه‌ما نوێكان كراوه بۆ دروستكردنی هێزی سه‌ربازی، كه بریتییه له‌وه‌ی له‌ژێر سه‌ركردایه‌تییه‌كی مه‌ده‌نیدا ده‌بێت و پارێزه‌ری ده‌ستوورو وڵات ده‌بێت، هه‌موو پێكهاته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت به‌شداری تێداده‌كه‌ن و ده‌بێت دووربێت له‌پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه. چواره‌م جارێكی‌تر عیراق ناكرێته‌وه به‌ده‌وڵتێكی ساده‌ی مه‌ركه‌زی، عیراق ئه‌مڕۆ فیدرالییه‌و مه‌سه‌له‌ی فیدرالی مه‌سه‌له‌یه‌كه بڕاوه‌ته‌وه. ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێ باز به‌سه‌ر سیستمی فیدرالیدا بده‌ن و سیستمێكیتر دابهێنن، عیراق جارێكی‌تر رووبه‌ڕووی شكست ده‌كه‌نه‌وه. واقیعی پێنجه‌م كه ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت، دابه‌شبوونی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و تائیفییه له‌عیراقدا، ده‌بێت هێزه سیاسییه‌كان واز له‌و دروشمانه بێنن كه عیراق بۆ هه‌مووانه‌و مه‌سه‌له‌ی هاووڵاتیبوون، به‌ڵێ ئه‌مانه چه‌مكێكی گرنگن له عیراقدا به‌ڵام پێش ئه‌وه ده‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكه‌ین.
سه‌رچاوه: كوردستانى نوێ
|