وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی قەرزی بچوک

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرزی بچووکدا، لەگەرمیان بیست و یەک گەنجی تر کە فەرمانی وەرگرتنی پارەیان ھەیە، سوودمەند ئەبن لەو بڕیارەی حکومەت و پڕۆژەکانیان ئەخەنە کار.

“ئارام کەریم” بەڕێوەبەری نووسینگەی گەرمیانی قەرزی بچوک ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی لەسەر خەرجکردنی بڕی شەش سەد ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی قەرزی بچوکی گەنجان، گەرمیانیش لەو پارەیە پشکی دەبێت.

سەبارەت بەو کەسانەشی قەرزەکەیان پێدەدرێت، ئارام کەریم وتی: “بیست و یەک گەنج لەساڵی دوو ھەزار و پانزەوە فەرمانی وەزاریان ھەیە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە، بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنەوەیدا، ئەو گەنجانە سوودمەند ئەبن”.

ئاشکراشی کرد، لەماوەی ساڵانی دوو ھەزار و یانزە ھەتا دوو ھەزار و پانزە، ھەشت سەد و ھەشتا و شەش گەنج لەسنوری گەرمیاندا لەو پڕۆژەیە سوودیان وەرگرتوە.

جێی ئاماژەیە، وەزارەتی دارایی بەنووسراوێک کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی بڕی شەش سەد ملیۆن دینار بۆ پەنجا پڕۆژەی قەرزی بچووک بۆ ماوەی چوار مانگ.