توێژینەوەیەک: منداڵی یەکەم لە خێزاندا زیرەکترە لەو منداڵانەی کە دواتر لە دایک دەبن

توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە کە یەکەم منداڵ لە خێزاندا زیرەکترە لەو منداڵانەی کە دواتر لەو خێزانەدا لە دایک دەبن ، شارەزایانی ئابووری لە زانکۆی ئەدنبرە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە یەکەم منداڵی خێزان زیرەکترە لەو خوشک و برایانەی کە لەدوای ئەو منداڵەوە لەدایک دەبن.

شارەزایان ھۆکاری ئەو حاڵەتەیان گەراندۆتەوە بۆ ئەوەی کە یەکەم منداڵ لە خێزاندا گرنگی زیاتری پێ دەدرێت لەبەر ئەوەشە زیرەکترە.

ئەو شارەزایانە سەرپەرشتی توێژینەوەیەکیان کردووە کە بە ھاوبەشی لە نێوان “ئەنەڵایسس گروپ ” و زانکۆی سیدنی دا ئەنجام دراوە ، لەو توێژینەوەیەدا ژمارەیەکی زۆر داتای منداڵانی ئەمریکا کە لەلایەن نوسینگەی ئاماری ئەمریکییەوە کۆکراوەتەوە شیکردنەوەی بۆ کراوە.

لەو توێژینەوەیەدا نزیکەی ٥ ھەزار منداڵ لە پێش لە دایک بونیانەوە تا تەمەنی ١٤ ساڵی چاودێری کراون و ھەروەھا مێژووی خێزانەکانیان و باری ئابووری و تەندروستی ئەو خێزانانە رەچاو کراوە .

توێژینەوەکە دەری خستووە یەکەم منداڵ لە خێزاندا لەلایەن دایک و باوکییەوە گرنگی زیاتری پێ دەدرێت و ھەوڵ دەدرێت پەرە بە تواناکانی بدرێت لە ڕووی خوێندنەوە و ناسینەوەی دەوروبەرو توانای قسەکردنەوە.

بەپێچەوانەشەوە منداڵی دووەم و سێیەم لە خێزاندا کەمتر گرنگی پێ دەدرێت ، پزیشکێکی زانکۆی ئەدنبرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە توێژینەوەکە دەری دەخات کە ھەڵسوکەوتی دایکان و باوکان کاریگەری ھەیە لەسەر پەروەردەی منداڵ لە خێزاندا.