کۆسرەت رەسوڵ عەلی دەستپێشخەرییەکی راگەیاند

دەستپێشخەرییەک لە “کۆسرەت رەسوڵ عەلی” جێگری سکرتێری گشتی (ی.ن.ک)ـەوە بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.
واپێشبینی دەکرێت، ساڵی ٢٠١٧ ھاوکێشەی ھێز بەھۆی کزبوون، یان تەواو بوونی جەنگی دژی داعشەوە گۆرانکاری بەسەردابێت، پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژی داعش دەچێتە قوناغێکی ترەوە، گۆرانکارییەکان لەناوچەکە خێراتر دەبن، ململانێی ھێزە گەورەکان لەناوچەکە چرتر دەبێتەوە. عێراق وەک براوەی جەنگ رۆڵی گەورەتر بەخۆی دەدات، ھێزەکانی حەشدی شەعبی وەک ھێزێکی فەرمی و خاوەن شەرعیەتی خۆین، لەھەوڵێ فراوان بوونەوەدا دەبن، بەتایبەت لەناوچە کوردستانیەکان، ھەموولایەک لەھەوڵی ئەوەدا دەبن سود لە گۆرانگارییەکان وەربگرن و خۆیان لەزیانەکانی بپارێزن.
ئەمرۆ ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان لەئاستێکدا نییە کۆدەنگی پێ دروستبکرێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ئەوە ھەیە گۆرانکارییەکان کاریگەری نەخوازراویان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھەبێت، خراپی باری ئابوری و دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانیش دۆخی نائارامی و دڵەراوکێی لای ھاوڵاتیان زیاتر کردوە، ئەم دۆخە کاریگەری دەبێت لە بێ ھیوا کردن و کەمکردنەوەی متمانەی جەماوەر بە دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێم و رۆڵی حیزبەکان، بۆیە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی سیاسی لەھەموو لایەکمان، بەتایبەت لەو لایەنانەی باڵادەستن، ئەخوازێت بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە خۆمان ئامادەکەین بۆ قۆناغێکی نویێ، قوناغێک کە گیانی لێبوردەیی ڕۆلی خۆی بگێرێت لە چاو پۆشین لەھەر نیگەرانیەک کە لەرابردودا لەنێوان لایەنەکان رویداوە و بەمەرجی ئەوەی سود وەرگرین لە ھەر کەموکورتیەک کە بونەتە ھۆکار بۆ دروستبوونی ئەم بارە نا ھەموارە، ئەم دۆخە لێمان دەخوازێت ھەموومان پێکەوە بەرنامەیەک دارێژین، بۆ دروستکردنی گوتاری ھاوبەش و بەرەو رووبوونەوەی ھەرئەگەرێکی مەترسیدار، بەرنامەیەک گیانی یەکتر قبوڵکردن لەناوماندا بچەسپێنێت و ھەوڵەکان بەو ئاراستەیە بێت، جەماوەر لەگەڵ دامەزراوە شەرعییەکان و لایەنە سیاسییەکان، ئاشت بکاتەوە و ئومێد و متمانەیان بۆبگیرینەوە. دیارە بەبێ دەستەبەرکردنی دۆخێکی ئارام لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەستمەو گران دەبێت ھەر ھەنگاوێک بنرێت بۆ قوتاربوون لەم دۆخە چەقبەستوە، تەنانەت بەم حاڵەشەوە ئاسان نییە بچینە پای ھەڵبژاردن و پێشکەشکردنی ھەربەرنامەیەکیش بۆ چاکسازی و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە ناتوانێت سەرکەوتووبێت و ناتوانێت جەماوەر و ھاوڵاتیان ئاشت بکاتەوە و بیانکاتە زامنی سەرکەوتن.
رێکخستنەوەیی ھەرێم و ئاشت کردنەوەی جەماوەر ھەنگاوی عەمەلی و خێرا دەخوازێت، بۆ ئەو مەبەستە بەندە چەند پێشنیارێک دەخەمە بەردەم لایەنە سیاسییەکان، تا لەنزیککاتدا بتوانین بەھەموومان دۆخێکی تازە بھێنینە ئاراوە و ئەم دۆخەی ئێستا تێپەرێنین، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بەزووترین کات:
• کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە گشتی و بەتایبەتر پێنج لایەنە سەرەکیەکە سازبکرێت بۆ دروستکردنی چەند دەستەیەک لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەو لایەنانە بۆ گفتوگۆکردن، ھەر دەستەیەک تایبەت بە پرسێک کۆبوونەوەکانیان سازبکەن بەمەبەستی چارەسەری کێشەکان و دروستکردنی ھەماھەنگی لەسەر ئەم پرسانە و تاوتۆێکردنی پێویستیەکانی تێپەراندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە چەقبەستوە.
پرسەکان:
• پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم
• پرسی پەرلەمانی کوردستان
• پرسی حکومەت
• پرسی مووچە و بژێوی ژیان و خزمەتگوازریە بنچینەییەکان.
ئامانج لەکۆبوونەوەکان گەیشتن بەرێککەوتنی لایەنەکان بێت بۆ نەخشەرێگایەکی کاتی تاھەڵبژاردن و دۆزینەوەی رێگاچارەیەک، بۆ ئاشتکردنەوەی جەماوەر و چارەسەرکردنی کەم و کورتیەکان و رێکخستنەوەی دۆخی خراپی ئابوری و ئیداری ھەرێمی کوردستان.