داعش پەلاماری پاڵاوگەی بێجی دایەوە و ١٢ سەرباز و ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران

داعش پەلاماری پاڵاوگەی بێجی دایەوە و ١٢ سەرباز و ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران، لە باشوری قەزاکەش بەھۆی تەقینەوەیەکی خۆکۆژی نزیکەی ٢٠ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان کوژران. دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیان پاڵاوگەی بێجی و زۆربەی ناوچەکانی سەر بە قەزای بێجی لە داعش پاک بکەنەوە ، رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە تیرۆریستان پەلاماری پاڵاوگەکەیاندا و بەھۆیەوە ١٢ سەرباز و ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران و ١٨ی دیکەش برینداربوون. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقیش تیرۆریستانی داعش رێگای گەیاندنی ھاوکاری سەربازیان بۆ ھێزە ئەمنییەکان بڕیەوە لە پاڵاوگەی بێجی، ھەر بە پێی سەرچاوەکان لە ئێستادا داعش ٥٠%ی پاڵاوگەکەیان داگیرکردووە و شەڕ و پێکدادانی قورسیش بەردەوامە. دوا نیوەڕۆی رۆژی ھەینیش تیرۆریستانی داعش تەقینەوەیەکی خۆکوژیان لە باشوری قەزای بێجی ئەنجامدا و بەھۆیەوە نزیکەی ٢٠ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژران.