بەھۆی رەوشی تورکیاوە زیاتر لە ٢ ھەزار کۆچبەر لەم مانگەدا چوونەتە ناو خاکی یۆنان

دوابەدوای کودەتا سەربازییە سەرنەکەوتووەکەی تورکیا، ژمارەی کۆچبەران لە یۆنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەھۆی رەوشی ئێستای تورکیا، ژمارەی کۆچبەران لەو پێنج دوورگەیەی سەر بە دەریای ئیجە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یۆنان بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەران تەرخانیان کردووە، زیادی کردووەو بەپێی ئامارێکی نوێ، زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس لەو دورگانە نیشتەجێ کراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەمانگی رابردوودا نزیکەی ٨ ھەزار کۆچبەر لەو دورگانە نیشتەجێ کرابوون.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی کە دوابەدوای راگەیاندنی باری نائاسایی لە تورکیاو دەستپێکردنی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەپشت کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە بوون، کاردانەوەی خراپی لەسەر رێککەوتننەکەی نێوان تورکیاو یەکێتی ئەوروپا ھەبێت، کە تایبەتە بە سنووردارکردنی دیاردەی کۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا.